فیراس مەسلەماوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، حکومەتی بەغداد لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێم سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز پێکدەهێنرێت، هاوکات چاوەڕوانی وادەی پەسەندکردنی یاساکە دەکات.
فیراس مەسلەماوی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) رایگەیاند، “لیژنەیەک لەلایەن وەزیری نەوتی عێراق، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ و ستافی دیاری وەزارەتی نەوت پێکهێنراوە لەگەڵ بەشداریکردنی ئەندامانی دیکەی سەر بە پارێزگارەکانی بەرهەمهێنەری نەوت وەک بەسرە، زیقار، میسان و کەرکوک”.
ئاماژەی بەوەشکرد. ئەرکی لیژنەکە پەرەپێدانی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز و پێشکەشکردنییەتی بۆ حکومەت و پەرلەمان.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، “خواست و ئیرادەیەکی راستەقینە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەیە بەمەبەستی دەرچواندنی یاساکە”، وتیشی، “بودجەی ئەمساڵ زیادکردنی دوو ماددە بۆ یاساکە لەخۆدەگرێت، کە رێکخستنی هەناردەکردنی نەوتە بەپێی مەرجەکانی هەناردەکردن”.
فیراس مەسلەماوی باس لەوەشدەکات، “نەوتی عێراق یەک بەشە و دابەشناکرێت، هەروەک هەوڵێک لە ئارادایە بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامان بۆ خەڵکی گشتی و گەلی عێراقی، چ لە هەرێم یان ناوەند و باشووردا بێت”.
ئەوەشی خستەڕو، “بارودۆخەکە گونجاوە بۆ پەسەندکردنی یاساکە و هیواخوازین لە خولی یاسادانانی ئێستادا پڕۆژەکە تەواو بێت و بگاتە پەرلەمان و پێشبینیش دەکەین لە خولی یاسادانانی داهاتوودا یاساکە پەسەند بکرێت،کە دەکاتە دوای نزیکەی چوار مانگ”.