بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان-عێراق، ڕاپۆرتی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە بەردەوامیی دابارین و گۆڕانکاری لە پلەکانی گەرمادا کراوە.
کەشناسی هەرێم سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ ڕایگەیاند: “ئاسمانی هەرێم بەدرێژایی کاتەکان هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی نمەباران و بارانی مامناوەند بە شێوەی پچڕپچڕ. پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دابارین لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم زیاتر بێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکە”.
سەبارەت بە سبەی یەکشەممە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: “ئاسمان بە هەوری تەواوی دەمێنێتەوە و لە کاتەکانی بەیانیدا نمە باران لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات دەبارێت. لە دوای نیوەڕۆوە، شەپۆلەکە پەرە دەسەنێت و سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە. هەروەها بەرەبەیانی زوو، ئەگەری دروستبوونی تەمێکی کورتخایەن لە هەندێک ناوچەی باکووری هەولێر(ئەربیل) و سنووری پارێزگای سلێمانی لە ئارادایە.
سەبارەت بە پلەی گەرما کەشناسی هەرێم دەڵێت سبەی پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ ٢ بۆ ٣ پلە بەرز دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی یەکشەممە بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیە:-
هەولێر(ئەربیل): ١٥پلە
سلێمانی: ١٣پلە
دهۆک: ١٤پلە
هەڵەبجە: ١٥پلە
زاخۆ: ١٤پلە
سۆران: ١٢پلە
چەمچەماڵ: ١٤پلە
گەرمیان: ١٨پلە
حاجی ئۆمەران: ٤پلە