کەمێک پێش ئێستا هادی عامری، سهرۆكی هاوپهیمانی فهتح گەیشتە هەولێر(ئەربیل) و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکە پێشوازی لێکرا.
نووسینگەی راگەیاندنی هادی عامری ئاماژەی بەوەداوە، “هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح دوای گەیشتنی بۆ هەولێر لە سەڵاحەددین لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی دوا پێشهاتە سیاسی و دۆخی چەقبەستوویی عێراقیان کۆبوونەوە”.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هادی عامری لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بارودۆخی ئێستای عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی تاوتوێ دەکەن.
سەردانی عامری هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی بەغداد و چەقبەستووی دۆخی سیاسیی عێراق. لە کاتێکدا دوێنێ 13-08-2022، ناوبراو لە شاری بەغداد لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش دۆخی عێراق و کۆبووەی ئەنجومەنی نوێنەران بووە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

