قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، وەڵامی تویتەکەی وەزیری سەدر دەداتەوە کە داوای کردبوو خۆی لە چەکدارەکان بێبەری بکات، لە وەڵامدا بڕیاریدا سەرجەم بارەگاکانی عەسائیبی ئەهلی حەقی دابخات.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە تویتێکدا نووسیویەتی، “برایان و خۆشەویستان، سوێندتان بۆ دەخۆم بە حوسێن (سڵاوی خوای لێبێت) وەڵامی نەرێنی ئەو پێشێلکاریانە نادرێتەوە کە ئاراستەی خودی من کرابێت”.
وتیشی، “محەمەد سەدر پێشتر دەیوت، من بە دەم و چاو و دەستم گرنگ نیم، بەڵکو تاکە شت گرنگ بێت ئایینی خودا و مەزهەبی گەورەی بڕوادارانە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “کەسانێک هەن دەیانەوێت دۆخەکە بەرەو خراپ بوون ببەن” و راشیگەیاند، “دەرفەتیان پێمەدەن، بە بێدەنگبوونتان پیلانەکانیان پووچەڵ بکەنەوە و لە خودا نزیک دەبنەوە. و شکست دەهێنن لە پلانەکانیان. خۆمان لە رشتنی خوێنی موسڵمانان دەپارێزین لە پێناو شکستنەهێنانی زیارەتی چلەی ئیمامی حوسێن (ئەربەعینییە)”.
ئەوەشی راگەیاندووە، “داوا لە برایانمان دەکەین لە جووڵانەوەکەمان، گشت نووسینگەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق دابخەن تا کاتێکی نادیار. هەر نووسینگەیەکیش بتانەوێت بیسوتێنن، هیچ گرنگی پێمەدەن بیسوتێنن، چونکە خودای گەورە قەرەبووی ئەوەتان بە چەند هێندە بۆ دەکاتەوە”.