دوێنێ شەو 15ـی 8ـی 2022، حەسەن توڕان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی لە لقی پارتەکەی لە بەغداد پێشوازیی لە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و شاندی یاوەری کرد کە پێکهاتبوون لە؛ غەریب عەسکەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و محەمەد مەهدی بەیاتی، بەرپرسی میحوەری باکووری رێکخراوی بەدر.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەکە لە سەباح حوسەینئۆغلو، سەرۆکی پارتی دادـی تورکمانی، فریاد دوزلو، سەرۆکی بزوتنەوەی وەفا و هەیسەم هاشم موختارئۆغلو، جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی ئامادەیبوون، حەسەن توڕان و هادی عامری باسی دواهەمین پەڕەسەندنەکانی عێراقیان کردووە و جەختیان لە گرنگیی بەستنی دیالۆگی نیشتمانی لە بەغداد کردوەتەوە.
حەسەن توڕان رایگەیاندووە کە ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی دەرچەیەکی گرنگە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ قۆناغەکانی داهاتوو لەپێناو پاراستنی خوێنی عێراقییەکان.

لەلایەکی دیکەوە توڕان باسی لەوەشکردووە کە گرنگە هاوبەشە سیاسییەکان دیداری نیشتمانی لەنێوانیان ئەنجام بدەن لەپێناو نزیککردنەوەی بۆچوونەکان.