لێژنەی رێکخستنی خۆپیشاندانەکان (پشتگیری لە یاسا و پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت) کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دامەزراوە، رایگەیاند، ئەمڕۆ دوو خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت کە یەکێکیان لە بەسڕە و ئەوی دیکەش لە نەینەوا ـیە.
ئەم پشهاتە دوای ئەوە دێت کە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کردبوو تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە و سەرۆککۆمار بەرهەم ساڵح ـیش بەرواری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە رابگەیەنێت.
لەوبارەیەوە لێژنەی رێکخستنی خۆپیشاندانەکانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی باسی لەوەکردووە کە وەڵامدانەوەی خەڵک بۆ خۆپیشاندان و بەشداریکردنیان بە داواکارییەکانیانەوە لەپێناو پاراستنی یاسا و پاراستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت هەنگاوێکی ئەرێنییە. بەو پێیە بریارمان داوە لە باشوور و لە بەسڕە لەگەڵ پارێزگای نەینەوا لە باکوور خۆپیشاندان ئەنجام بدەین”.
شایەنی باسە ئاماژە بەوەشدراوە کە هەردوو خۆپیشاندانەکە کاتژمێر 5ـی دوای نیوەڕۆ دەسپێدەکات.