سەرۆکی چین سەردانی سعودیە دەکات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی چین – سعودیە

سەرۆکی چین سەردانی سعودیە دەکات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی چین – سعودیە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
سەرۆکی چین سەردانی سعودیە دەکات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی چین – سعودیە
0

لایک

سبەی چوارشەممە شی جینپینگ، سەرۆکی چین بە سەردانێکی دوو رۆژە دەگاتە سعودیە و بەشداری لە لووتکەی چین-سعودیە، چین-کەنداو و چین-وڵاتانی عەرەبی دەکات، کە تیایدا دۆسیەی ئابووری و ئاشتی لە ئاستی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن.

ئاژانسی هەواڵی سعودیە (واس)، ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەردانەکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین لەسەر بانگهێشتی سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە بووە و ماوەی دوو رۆژ (لە 7 تاکو 9ـی ئەم مانگە) دەخایەنێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە سەردانەکەیدا سەرۆکی چین ئامادەی کۆبوونەوەی لووتکەی چین-سعودیە دەبێت کە سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە و محەمەد بن سەلمان، شازادی جێنشینی ئەو وڵاتە تیایدا ئامادە دەبن.

هەروەها سەرۆکی چین بەشداری لە کۆبوونەوەی لووتکەی ریاز دەکات کە بە بەشداری سەرکردەکانی کەنداو بەڕێوەدەچێت و بە لووتکەی چین-کەنداو ناو دەبرێت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان.

ئاژانسی هەواڵی سعودیە ئەوەش ئاشکرادەکات، سێیەمین کۆبوونەوەی لووتکە کە لەو رۆژەدا لە سعودیە ئەنجام دەدرێت، بریتییە لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکی چین و وڵاتانی عەرەبی بۆ هەماهەنگی و گەشەپێدان.

لەم کاتەشدا وڵاتانی عەرەبی ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبی و چین کە تیایدا دۆسیەی ئابووری و ئاشتی لە ئاستی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن، کۆبوونەوەکەش لەکاتێکدایە کە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا ماوەی نزیکەی نۆ مانگە بەردەوامە و ئەوەش کاریگەری لەسەر ئاسایش و وزەی جیهانی دروستکردووە.