بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ڕەوشی کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتووی خستەڕوو و ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ئارادایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند: بە گشتی ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بە درێژایی کاتەکان، نمەباران و بارانی مام ناوەند سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە وە بۆ ماوەیەکی کورت خایەن بارانبارینی بە لێزمە دەبێت لە سنوری گەرمیان و کەرکووک و هەڵەبجە و بەشێک لە باشوری رۆژهەڵاتی سنووری پارێزگای سلێمانی.
کەشناسی ڕاشیگەیاند: لە درەنگانی شەو و بەیانی ڕۆژی پێنج شەممەدا تا ڕادەیەک بارانبارین لاواز دەبێت لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم. پلەی گەرما ٢ بۆ ٤ پلە نزم دەبێتەوە.
بۆ سبەی پێنجشەممە، ٢٦ـی ئادار، بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسی: ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لە هەندێ ناوچەدا، لە نێوەڕۆ وە ڕێژەی دابارین زیاد دەکات وە نمەباران و بارانی مام ناوەند کە هەندێ جار هەورە بروسکەی لەگەڵ دەبێت سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
کەشناسی پێشبینی دەکات؛ لە کاتەکانی شەودا ڕێژەی بارانبارین زیاتر بێت لەسنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان بەراوورد بە ناوچەکانی تر کە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەکرێت بە تایبەت لە سنووری گەرمیان. هەروەها بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم دەبێت.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی بە پلەی سیلیزی:-
هەولێر(ئەربیل): ١٣پلە
سلێمانی: ١٠پلە
دهۆک: ١١پلە
هەڵەبجە: ١٦پلە
زاخۆ: ١٢پلە
سۆران: ١٠پلە
چەمچەماڵ: ١١پلە
حاجی ئۆمەران: ٥پلە