ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری کەرکووک لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی عێراقی ڕایگەیاند کە ئاراستەکردنی مووشەک بۆ شوێنێکی نزیک لە ناوەندی شاری کەرکووک “پەرەسەندنێکی مەترسیدارە” و وتی: “دەیانەوێت عێراق پەلکێشی ناو جەنگێک بکەن کە ئەنجامەکەی نادیارە.”
ساڵحی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) ئاماژەی بەوە کرد کە زیادبوون و فراوانبوونی هێرشەکان لە ناوچەکەدا “نیشانەی ئەوەیە کە مەترسییەکە ڕەهەندێکی جیدیی تری وەرگرتووە.”
ساڵحی جەختی لەوەش کردەوە کە هێرشکردنە سەر کەرکووک، کە شارێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و پێکهاتەی نەتەوەیی جیاوازی تێدایە، ڕووداوێکی ئاسایی نییە و وەک گەشەسەندنێکی مەترسیدار وەسفی کرد.
شایەنی باسە، شەوی ڕابردوو بە مووشەک هێرشکرایە سەر شوێنێکی ناو شاری کەرکووک و بەپێی دوا زانیارییەکان کە لەنەخۆشخانەکانی کەرکووک دەستکەوتوون؛ چوار چەکدار گیانیان ڕاسپارد و نزیکەی ١٠ چەکداریش بریندارن.