بەرەبەیانی ئەمڕۆ 30ـی حوزەیرانی 2025، تورکمانی ئاڵتونکۆپری (پردێ) وەک دەربڕینی نارەزایی بەرامبەر بە نادادپەروەرییەکان لە دابەشکردنی پلە و پۆستەکانی ئاڵتونکۆپری گردبوونەوە و خۆپشاندانی نارەزاییان ئەنجامدا.
خەڵکی ئاڵتونکۆپری چی دەوێت؟
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی تەبا، تورکمانی ئاڵتونکۆپری ئەم خۆپیشاندان و دەربڕینی نارەزایەتییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ پەراوێزخستنی تورکمان لە شارەوانی ئاڵتونکۆپری و گۆرانکاری کردن لە پلە و پۆستەکانی ناحیەکە بە پشتگوێخستنی تورکمان. ئەوان داوا دەکەن نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە لە دامودەزگاکانی دەوڵەت لە قەزاکەدا هەبێت.
سەبارەت بە خۆپشاندانەکان، محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند: “ئێمە لە دوێنێوە لە نزیکەوە بەدواداچوون و ڕێکخستنی ئەو ڕووداوانە دەکەین کە لە ئاڵتونکۆپروی لانکی شێرەکان ڕوویانداوە، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەشدارییان کردووە، ئەوە بزانن کە ئێمە لە پشت هەموو هەنگاوێکی ڕاستەوەین. بە خۆشەویستییەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم”.
ئەحمەد ڕەمزی کۆپرولو، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ تەبا ئاماژەی بەو بڕیارە نایاساییە کرد کە لە هۆتێل ڕەشید لە بەغداد سەبارەت بە پارێزگاری کەرکووک درا و بە توندی ڕەخنەی توندی لە گۆڕانکاری هاوشێوەی پلە و پۆستەکانی ئاڵتونکۆپری گرت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەرشەت ئاوچی، جێگری سەرۆکی پارتی تورکمان ئێلی وتی: ئێمە وەک پارتی تورکمان ئێلی پشتیوانی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانەی خەڵکی ئاڵتونکۆپروی تورکمانی دەکەین سەبارەت بە گۆڕانکارییە ئیدارییەکان کە ئاماژە بە ڕێبازێکی سیستماتیکی دەکەن بۆ بەدەرکردن و پەراوێزخستنی پێکهاتەکانی تورکمان.
هەروەها دوای خۆپیشاندانەکان، محەمەد شیاع سوودانی و محەمەد سەمعان ئاغا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا، لە بەیاننامەکەی ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی سەبارەت بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەکە هاتووە، “دەنگی گەلەکەمان لە قەزای ئاڵتونکۆپرۆ گەیەنرایە سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی، ئەو سەختییانەی گەلی تورکمان تووشی بوون و داواکارییە ڕەواکانیان ڕاستەوخۆ گەیاندرایە بەرێزیان”.
هاوکات لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “لە پەیوەندییەکەدا جەخت لەسەر پێویستی دەستێوەردانی بەپەلە بۆ پاراستنی مافەکانی گەلەکەمان کرایەوە” ، هەروەها “داوای کۆتاییهێنان بەو سیاسەتانەی دوورخستنەوە و پشتگوێخستن کە ساڵانێکە هاووڵاتیان تووشی بوون، داواکرابوو کۆتایی پێبهێنرێت”.