موقتەدا سەدر داوا دەکات ڕۆژی هەینی خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە بەڕێوەبچێت

موقتەدا سەدر داوا دەکات ڕۆژی هەینی خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە بەڕێوەبچێت

حوزه‌یران 18, 2025 21:38
موقتەدا سەدر داوا دەکات ڕۆژی هەینی خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە بەڕێوەبچێت
0

لایک

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە، بۆ سەرکۆنەکردنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق، داوا دەکات ڕۆژی هەینی خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە بەڕێوە بچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، رێكەوتی 18ـی حوزەیرانی 2025، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، “ڕاستەوخۆ دوای نوێژی هەینی داهاتوو، خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە لە عێراق بەڕێوە بچێت.”

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە، دەڵێت، ئامانج لە سازدانی خۆپیشاندانەکە، سەرکۆنەکردنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکایە لە دوژمنایەتییەکەیان لە بەرانبەر گەلان و ئایینەکان و کۆمەڵکوژییەکانیان دژ بە بە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بە نموونە هێرشکردنە سەر ئێرانی دراوسێ، فەڵەستین، لوبنان، سووریا و یەمەن.

لەبارەی مەبەستێکی دیکەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکە، موقتەدا سەدر، وتی، بۆ سەرکۆنەکردنی پێشێلکردنی ئاسمانی عێراقە کە زیان بە خەڵک و پیرۆزییەکانمان دەگەیەنێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازی و زانایانی ئەتۆمی ئێرانیشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەبیب کرد و سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە، بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

En az 10 karakter gerekli