مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراق محەمەد سەمعان ئاغائۆغڵو وەک سەرۆکی حزبەکە هەڵبژارد.
گۆڕانکاری لە پۆستی سەرۆکایەتی بەرەی تورکمانی لە ١٣ی نیسان ڕاگەیەندرا، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی خۆیاندا بە کۆی دەنگ محەمەد سەمعانیان وەک سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق هەڵبژارد.
لە بەیاننامەیەکی نووسراودا کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی بەرەی تورکمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، دەستلەکارکێشانەوەی حەسەن توڕان، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی عێراقی لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی قبوڵکراوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە محەمەد سەمعان ئاغا بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق هەڵبژێردرا و ئەم گۆڕانکارییە لە گەورەترین پارتی سیاسی تورکمانیش بە هەنگاوێکی گرنگ بە ئاراستەی یەکڕیزی جددی لە سیاسەتی تورکماندا وەسف کرا.
پەیامی “دیدگای جیاواز” سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقەوە
محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق سەبارەت بەو نەخشەڕێگایەی کە دەبێ لە قۆناغی نوێدا پەیڕەو بکرێت، ڕایگەیاند، ئامانجیان تەنیا جێبەجێکردنی سیاسەتی ئێستای ئەو حیزبە نییە، بەڵکو سیاسەتی بەرهەمدار و نوێ پەیڕەو دەکەن.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی ڕایگەیاند، دیدگا نوێیەکە و سیاسەتی بەرهەمهێنان و پرەنسیپی خزمەتگوزاری کاریگەری خۆی لە موسڵ، تەلعەفەر، هەولێر (ئەربیل)، کەرکووک، سەلاحەدین و دیالە دەردەخات، کە تورکمان بە ڕێژەیەکی زۆر لەم شوێنانە دەژین، جەختیشی لەوە کردەوە کە بەرەی تورکمانی عێراق کە جیاکاری لە نێوان تورکمان ناکات لەسەر بنەمای مەزهەب، جوگرافیا یان بیرکردنەوە، پرەنسیپی پێشەنگی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بۆ ناوچە تورکماننشینەکانی عێراق.
نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق
ئاغا بە ئاماژە بەوەی کە لە ئێستاوە دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە مانگی تشرینی دووەمدا لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەدەچێت، ڕایگەیاند کە لیستێکی بەهێز و یەکگرتوو و کاریگەر لە کەرکووک بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێکدەهێنن.
ئاغا وتی: بۆ ئەوەی تورکمان بەهێز بێت و قسەیان هەبێت لە بەغداد کە ناوەندی بڕیارەکانی عێراقە، پێویستە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بن، ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سیاسەتێکی نوێ جێبەجێ دەکەن.
یاداشتنامەی کاری سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق دوای پۆستە نوێیەکەی
ڕۆژی ١٥ی نیسان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق سەردانی باڵیۆزخانەی تورکیای لە بەغداد کرد، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و شاندەکەی لەگەڵ ئەنڵ بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد کۆبوونەوە.
لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بوارەکانی بەرژەوەندی هاوبەش، ڕێگاکانی پەرەپێدانی هاوکاری هاوبەش لە بواری پەروەردە و ڕۆشنبیری و بەرنامەکانی گەشەپێدان تاوتوێ کران، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگی بەردەوام بۆ پاراستنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرایەوە.
پەیوەندیەکان لە هەولێر (ئەربیل) و کەرکووک
ڕۆژی ٢٨ی نیسان، محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی عێراق و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکە لە هەولێر (ئەربیل) و کەرکووک کۆبووەوە، لە میانی کۆبوونەوەکاندا پرسەکانی وەک پاراستنی مافەکانی تورکمان، پتەوکردنی یەکڕیزی تورکمان، و دەستەبەرکردنی مافە سیاسی و ئیداری و کولتوورییەکانی گەلی تورکمان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق تاوتوێ کرا.
پەیوەندییەکانی بەغداد
محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی لە بەغدادی پایتەخت لەگەڵ سەرکردەکانی پارتەکان و بەرپرسانی حکومەت کۆبووەنەوەی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکاندا تیشک خرایە سەر پرسە ئەمنییەکان بەتایبەتی ئەوانەی ڕووبەڕووی ناوچە تورکمانییەکان بوونەتەوە.
هەروەها محەمەد سەمعان لە سەردانەکەی سوودانی بۆ تورکیا لە شاندەکەدا بوو
محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق بەشێک بوو لەو شاندە فەرمییەی عێراق کە ڕۆژی ٨ی ئایار بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی کۆماری تورکیای کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بەرەی تورکمانی عێراق وتی، ئەم نوێنەرایەتییە بوونی کۆمەڵگەی تورکمان لە پرسە گرنگە نیشتمانییەکان و ڕۆڵی لە بەهێزکردنی هاوبەشییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی عێراقدا نیشان دەدات”.
ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا کە لەگەڵ سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، سەبارەت بە تورکمان ئەم لێدوانەی خوارەوەی دا:
“سەرەڕای ئەوەی کە کەسانێک هەن سووتەمەنی بەسەر ئاگرەکەدا دەڕێژن، ئێمە وەک تورکیا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و کردنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆ پێش ئەوەی ڕووداوەکان بگەنە خاڵی نەگەڕانەوە. تورکمان کە بەرگریکاری یەکگرتوویی و یەکپارچەیی عێراقن، سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان بەردەوامن لە بەشداریکردن لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا”.
“هەستیاری سوودانی برام بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندی تورکمانی عێراق بەرز دەنرخێنم. بە تایبەتی بە مانادار دەزانم کە براکەم، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی لە شاندەکەیدا جێگیر کرد. لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە، برایەتی تورکیا-عێراق هەمیشە و بەهێز بکات”.
بانگەواز بۆ یەکڕیزی
لەناو ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییە چڕ و پڕە، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق داوای لە سەرجەم لایەنەکانی تورکمانی کرد پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو یەکبگرن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە لەدەستدانی دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکاندا بکرێت.
محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی ڕوونیکردەوە، “چەند هەفتەیەکە چ لەگەڵ سەرجەم لایەن و کەسایەتییەکانی ناو لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتووی عێراق و چ لەگەڵ مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئاڵای یەکخستنی ڕیزەکانی تورکمانمان هەڵگرتووە.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە “لەم قۆناغە گرینگەدا پشتیوانی خۆمان بۆ پلە و وتارێکی یەکگرتووی تورکمان دووپات دەکەینەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە مافەکانی گەلەکەمان بە شێوەیەکی دروست و باشترین نوێنەرایەتی بکرێت و ڕێگری لە لەدەستدانی دەنگەکانی تورکمان بکەین لە پارێزگای کەرکووک، یەکگرتوویی هێز و دووبەرەکی لاوازییە.”
ئامادەکردن: ئەیمەن ئەربیلئۆغلو