یەکەم قوتابخانەی تورکمانی لە کفری، قوتابخانەی قەرەئۆغڵانی بنەڕەتیە کە لە 17ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1993دامەزراوە. قوتابخانەکە لە شەش پۆل پێكهاتبوو و سەرەتا 150 قوتابی وەرگرتبوو. زمانی پەروەردە و فێرکردن لە قوتابخانەی قەرەئۆغڵانی بنەڕەتی سەرەتا عەرەبی بووە و تەنیا یەک وانە لەو قوتابخانەیە بە زمانی تورکی هەبووە. بە تێپەڕبوونی کات هەموو وانەکانی خوێندن وەرگێڕدرانە زمانی تورکی و تەنها یەک وانە بە زمانی عەرەبی مایەوە. لە ساڵی 1995 ئامادەیی دۆغانی تورکمانی دامەزرا. ئامادەیی دۆغان، لە سەرەتای دامەزرانی لە سێ پۆل پێکهاتبوو. بە تێپەڕبوونی کات بەشی وێژەیی و زانستی بۆ پۆلەکان زیادکرا و وەک یەکەم قوتابخانەی ئامادەیی تورکمانی لە کفری لە مێژوودا تۆمارکرا. ناوی ئامادەیی دۆغان لە 9ـی تەمموزی2021 گۆڕدرا بۆ کیفرلی شەهیت مێهمێت کۆرکماز.
قوتابیانی ئامادەیی شەهیت مێهمێت کۆرکماز تاقیکردنەوەکانی بەکالۆریۆسی سەرەتا لە شاری سلێمانی ئەنجامدەدا.
لە ئەنجامی دانوستان لەگەڵ وەزیری پەروەردە دوای 3ساڵ گواسترایەوە بۆ دەربەندیخان بە لەبەرچاوگرتنی سەلامەتی ژیانی قوتابیان و سترێسی تاقیکردنەوەکان. دوای 2 ساڵ کارکردن ڕەوانەی کەلار – گەرمیان کرا. دوای ساڵانێک لە خەبات و تێکۆشان تاقیکردنەوەکانی ئامادەیی تورکمانی گواسترایەوە بۆ کفری.
کاتێک قوتابخانەی ئامادەیی بۆ یەکەم جار کرایەوە لە 100 قوتابی پێکهاتبوو. قوتابخانەکە، بەسەر دوو بەشدا دابەش کرابوو کە بریتی بوون لە خوێندنی تورکی و عەرەبی، لە دوای ساڵانێك لەم قوتابخانەیە خوێندن گۆڕدرا و تەنها زمانی تورکی مایەوە. ٣ پۆل بۆ قوتابخانەی قەرەئۆغڵان زیاد کرا و بوو بە قوتابخانەی ناوەندی و سەرەتایی.
دوایین بارودۆخی خوێندن لە ئامادەیی شەهیت مێهمێت کۆرکماز چۆنە؟
چالاک میتات پشکنەری کارگێڕی قوتابخانە تورکمانییەکان لە کفری لێدوانێکی بۆ تەبا دا و وتی، “بەداخەوە ئێستا ئامادەییەکەمان لە سێ پۆل پێکدێت. لە قوتابخانەکە تەنها بەشی زانستی هەیە.
بەداخەوە بەشی وێژەیی داخرا. دوای قەیرانەکانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش لە ساڵی 2014، دامەزراندنی مامۆستای هەمیشەیی ڕاگیرا و بەشێكی زۆر لە مامۆستایان گەیشتنە تەمەنی خانەنشینی، ئەوەش قوتابخانەکەی خستە دۆخێكی سەختەوە، بەڵام توانیمان بە لێهاتوویی خۆمان قوتابخانەکە بە شێوەیەکی باش بهێڵینەوە. بە تێپەڕبوونی کات قوتابیانی ئامادەییەکە لە بەشەکانی تورکی دەیانخوێند و بە بەشدارییەکانی دامەزراوەی پەروەردە و ڕۆشەنبیری فوزولی 12مامۆستای گرێبەست دامەزران و هەروەها پاڵپشتییان دەکرا بۆ ئەوەی لە بەشەکانی خۆیان وانە بڵێنەوە”.
بە ئاماژەدان بە کەمبوونەوەی ژمارەی قوتابیان چالاک میتات وتی، “هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ژمارەی قوتابییان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بینای قوتابخانەکە کۆنە. یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکان ئەوەیە کە دوایین نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە لە ساڵی 2015 ئەنجامدراوە. قوتابخانەکانی تر یاریگای دەستکردی تۆپی پێ، تاقیگەی نوێ و کەرستەی نوێ بەکاردەهێنن. بێگومان ئەم بابەتانە یەکێکە لە هۆکارە گەورەکان کە قوتابییەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و هانیان دەدات بچنە قوتابخانەکانی تر”.
چالاک میتات لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، “چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پەیوەندیمان بە تیکا کرد، ڕووبەری قوتابخانەکە و هۆڵەکانی خوێندن و بابەتی پێویستمان وەک پرۆژە پێشکەش کرد. سوپاسگوزارین ئەوان ئاگاداری ئێمەن. هیوا خوازین لە ساڵی 2025دا پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن”.
هاوکات ماجیت موستەفا، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە وتی، “بینای قوتابخانەکە زۆر کۆنە لە ساڵی 1970 درووست کراوە، چەند جارێک دیوارەکان بۆیاخ کراون بەڵام بەهۆی کۆن بوونی بیناکە نەمانتوانیوە هیچ سوودێکی لێ ببینین. لە وەرزی زستاندا ئاو دێتە ناو پۆلەکان. قوتابخانەکە باخچە و ژووری وەرزش و کتێبخانە و ژووری کۆبوونەوەی خێزانی نییە. هیوادارین سەر لەنوێ قوتابخانەکە درووست بکرێتەوە”.
هەواڵ: یوسف حوسێن