دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی رەتکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12-12-2023، سەرچاوەیەک لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، دادگاکە ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە داوایان کردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەیانیی ئەمڕۆ لەبارەی تاوتوێکردنی ئەو دوو سکاڵایە کۆبووەتەوە کە لەلایەن کاندیدێکی هاوپەیمانی قیادە و کاندیدێکی بەرەی تورکمانی تۆمارکراوە.
هەردوو سکاڵاکارەکە داوایان لە دادگای فیدراڵی کردبوو تۆماری دەنگدەران جارێکی دیکە وردبینی تێدا بکرێتەوە و ناوی 257 هەزار دەنگدەر لە کەرکووک لە تۆماری دەنگدەران دەربهێنرێت.