سعوودیە رایگەیاند پلانی زیادکردنی حاجیانی بۆ ئەمساڵ سەرکەتوو بووە.
تۆفیق بن فەوزان الربیعە، وەزیری حەج و عومرەی سعودیە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کێوی عەرەفە رایگەیاند، ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ ملیۆنێک و 845 هەزار و 45 حاجی بووە، کە لە زیاتر لە 150 وڵاتەوە رویان لە سعودیە کردوە.
وتیشی “وەزارەتی حەج و عومرە و سەرجەم هاوبەشەکانی لە ڕێگەی تیمە مەیدانییەکانەوە بەدواداچوون دەکەن و بەدرێژایی کاتژمێرەکانی شەو و رۆژ هەموو خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە میوانانی دەکرێن، بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر کەمتەرخەمییەک دەکات کە کاریگەری لەسەر گەشتی حاجیان و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکانیان هەبێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری سعودیە، ملیۆنێک و 845 هەزار و 45 حاجی فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندوە، لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و 660 هەزار و 915 حاجی لە دەرەوەی شانشینی سعوودیە لە ڕێگەی دەروازە جیاوازەکانەوە چونەتە وڵاتەکە، لەکاتێکدا ژمارەی حاجیانی ناوخۆ گەیشتوەتە 184 هەزار و 130 حاجی و هاوڵاتی و دانیشتوی سعوودیە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، ژمارەی حاجیانی پیاو لە کۆی گشتی حاجیانی ناوخۆ و دەرەوە گەیشتوەتە 969 هەزار و 964 حاجی، لەکاتێکدا ژمارەی حاجی ژن لە کۆی گشتی حاجیانی ناوخۆ و دەرەوە 875 هەزار و 351 حاجی بووە.