ئەمڕۆ چوارشەممە 19-10-2022، حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی و سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتوویی عێراق لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە بەغداد کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا فریاد دوزڵو، سەرۆکی جووڵانەوەی وەفای تورکمان و هەیسەم هاشم، جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی و لوقمان رەشیدلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی بەشداربوون، تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکەش قۆناغی تەواوکردنی رێکارە دەستوورییەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و راسپاردنی سەرۆکوەزیران و مسۆگەرکردنی مافی پێکهاتەی تورکمانی لە مافە چاوەڕوانکراوەکاندا تاوتوێکران.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی جەختی لە گرنگی بەشداریکردنی پێکهاتەی تورکمان لە کابینەی ویزاری و نوێنەری تورکمان لە گشت دامەزراوەکانی عێراق کردەوە، لە بەرامبەر هەڵوێستە بوێرانەکەیان لە پاراستنی ئاسایش و پشتگیریکردنی پێکەوەژیان لە گشت پارێزگاکانی عێراق.
