دوو لایەنی سەرەکی هەرەشەی کشانەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن

دوو لایەنی سەرەکی هەرەشەی کشانەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
دوو لایەنی سەرەکی هەرەشەی کشانەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن
0

لایک

هادی عامری و حەیدەر عەبادی، دووپات لە دانوستان لەگەڵ رەوتی سەدر دەکەن و هەڕەشەیان کردووە ئەگەر لایەنی بەرامبەریان بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی هەوڵی سەپاندنی بۆچوونی خۆی بدات، “لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەکشێنەوە”.

رۆژنامەی “ئەلعەرەبیە جدید” راپۆرتێکی لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاوکردووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر دوو باڵ دابەشکراوە، یەکەمیان بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، قەیس خەزعەلی سکرتێری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق و عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و باڵی دووەم بە سەرۆکایەتی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشوو و فاڵح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.

باڵی دووەم بەردەوام دووپات لە دانوستان لەگەڵ رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، “بەدوور لە دۆڕاو و براوە و سەپاندنی ئەمری واقع”، دەکاتەوە.

سەرچاوەیەک لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە رۆژنامەی “ئەلعەرەبیە جدید”ـی راگەیاندووە، پرسی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران، کێشەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی قووڵتر کردووەتەوە.

ئەو دەڵێ: لایەنی یەکەم بە سەرکردایەتی نووری مالیکی، سوورن لەسەر پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، بەڵام لایەنی دووەمی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمەی رەتکردووەتەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، “عامری، عەبادی و فەیاز دووپاتیان لە گفتوگۆ و لەیەکتێگەیشتن لەگەڵ رەوتی سەدر لەبارەی سەرۆکوەزیران و حکومەتی داهاتوو کردووەتەوە، پێش لە نانی هەر هانگاوێک، بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی پێکدادانی چەکداری بکرێت، وەک ئەوەی پێشتر لە ناوچەی سەوزی بەغدا روویدا”.

رۆژنامەکە لەسەر زاری سەرچاوەکەوە ئاشکرایکردووە، “ئەو بابەتە کێشەی قووڵی لێکەوتووەتەوە و عامری و عەبادی هەڕەشەیان کردووە ئەگەر بۆچوونی مالیکی، خەزعەلی و حەکیم بسەپێندرێت، لە ریزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکشێنەوە”.