رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، پێشنیازێکیان داوەتە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشکرا و راستەوخۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان.
لەپەیامێکدا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاندووە، “دەمەوێت ئەوەتان پێڕابگەیەنم، پێشنیازێکمان دایە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشکرا و راستەوخۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، بهڵام وەڵامەکەی ئەوان وەک پێویست نەبوو”.
هاوکات سەدر دەڵێت، “ئێمە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە هەندێک وەڵاممان بەدەستگەیشت، بەڵام ئەو وەڵامەی ئەوان تینوێتی ئێمەیان نەشکاند، هیچی لەبارەی چاکسازیی، داواکاریی خۆپیشاندەرانەوە تێدا نەبوو، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتییان هیچ گرنگییەکی نەبوو”.
سەرکردەی رەوتی سەدر هۆشداریی دەدات لە هەنگاوی داهاتوویان و دەشڵێت: “داوا لە هەموو لایەک دەکەین چاوەڕوانی هەنگاوی داهاتوومان بن لە پشتگوێخستنی ئەوەی کە بەهۆی گەندەڵی و وابەستەییەوە بەسەر عێراق و گەلەکەیدا هاتووە”.
“چاوەڕوانی کۆبوونەوە و دانیشتنی نهێنی لە ئێمە مەکەن، من هیچ شتێک لە گەلەکەم ناشارمەوە، هەروەها لەگەڵ گەندەڵکاران و ئەوانەی کە خراپەیان دەوێت یان (ئەوانەی دەیانەوێت بمکوژن) دانانیشم” سەدر وای وت.
سەرکردەی رەوتی سەدر لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە “لە پێناو گەل و ئاشتی کۆمەڵایەتیی سازشمان لە زۆر شت کردووە، چاوەڕوانیمان ئەوەیە بزانین ئێوە چیتان پێیە بۆ چاکسازیی و رزگارکردنی عێراق لە گەندەڵی”.