سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح داوایەکی نوێی ئاراستەی چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر کرد و رایگەیاند، خوێنی عێراقییەکان لە هەموو شتێک پیرۆزترە.
لەراگەیەندراوێکدا هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح داواکەی خۆی نوێکردەوە بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و رایگەیاند، “بانگەشەکردن بۆ خۆپیشاندانی پێچەوانە لەوانەیە ببێتە هۆی گرژی و توندوتیژی لێبکەوێتەوە”.
هاوکات عامری دەشڵێت، ” داوای دڵسۆزانەی خۆم بۆ برایانم لە رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی دووبارە دەکەمەوە لەپێناو بەرژەوەندی وڵات، لۆژیکى ژیری و دانبەخۆداگرتن پەیڕەو بکەن و بەرژوەندى هاووڵاتیان و وڵات بخەنە پێش هەر بەرژەوەندییەکی دیکە”.
شایەنی باسە عامری راشیگەیاندووە، “گەلی عێراق لە ساڵی حەفتاکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ خوێنی لێدەچۆرێت، ئیدی بەسە خوێنڕژان. خوێنی عێراقییەکان بە هەموومان سپێردراوە و رژانی خوێن لە بەرپرسیارییەتی هەموومان دایە”.
داواکارییەکەی هادی عامری دوای ئەوە دێت کە لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە 29ـی مانگی تەمموزەوە ناوچەی سەوزیان داگیرکردووە و لەناو هۆڵی پەرلەمان دەمێننەوە.