جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و جێبەجێکردنی سیستمی ئەلکترۆنی لە دەروازە سنوورییەکان رێککەوتن، هاوکات بڕیاریان دا بەڕێوەبردنی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق بە شێوەی هاوبەش بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٦ـی نیسانی ٢٠٢٦، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرپەرشتیی ١٣ـەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی وڵات کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ئامادە بوون.
بە گوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، میوانداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان-عێراق بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان لە دەروازە سنوورییەکان.
شاندی هەرێمی کوردستان-عێراق پێکهاتبوون لە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق لە بەغداد، راوێژکاری وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ، بەڕێوەبەری گشتیی بەدواداچوون و هەماهەنگی، لەگەڵ سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر (ئەربیل)، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە.
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە دا، لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراق رێککەوتوون، بەتایبەتی لە بواری پێناسەی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی. هەروەها بڕیار درا سیستمی “ئەسیکوودا” لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق جێبەجێ بکرێت، بە مەرجێک داڕشتنی سیاسەتی گومرگی ئەرکی حکوومەتی فیدراڵی بێت و بەڕێوەبردنی گومرگەکانیش بە شێوەی هاوبەش بێت لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق.
بۆ ئەم مەبەستە بڕیار درا شاندێکی هونەریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان-عێراق لەگەڵ تیمی نیشتمانیی وەزارەتی دارایی عێراق کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی یەکخستنی رێکارەکان بە رەچاوکردنی تایبەتمەندی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق، بڕیاریشە لە چەند رۆژێکی کەمدا هەردوو تیم راپۆرتێک بدەنە ئەنجوومەنی ئابووری بۆ دەرکردنی بڕیاری پێویست.
فۆئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، عێراق بەهۆی دۆخی جەنگ لە ناوچەکەدا رووبەڕووی سەختیی ئەمنی و ئابووری بووەتەوە، بۆیە یەکخستنی هەوڵەکان زۆر پێویستە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی ئابووری بڕیاری دا دەروازەی سنووریی ترێبیل وەک دەروازەیەکی فەرمی بۆ هاوردەکردنی زێڕ دیاری بکات، تاوەکوو قەدەغەی ئاسمانی بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە لەسەر وڵات هەڵدەگیرێت.