ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٦، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، عەلی فالح زەیدی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێگەیشت. لەو پەیوەندییەدا، ترەمپ بە فەرمی پیرۆزبایی لە زەیدی کرد بەبۆنەی ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
بەپێی بەیاننامەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران، دۆناڵد ترەمپ بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی کردووە بۆ سەردانیکردنی واشنتن، بڕیارە سەردانەکە دوای تەواوبوونی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ئەنجام بدرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و جەختیان لەسەر پەرەپێدان و بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە. هەروەها هەردوو لایەن دووپاتیان کردەوە کە پێکەوە کار دەکەن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا.
ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە عێراق لە قۆناغی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێدایە و چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتن لە قۆناغی داهاتوودا گۆڕانکاری و هەماهەنگیی زیاتر بەخۆوە ببینن.