ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر (ئەربیل) ڕایگەیاند، ئەرکی ئێمە لەم بارودۆخەدا تەنها بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو پاراستنی سەقامگیری ژیانی خەڵک و دابینکردنی پێویستییەکانیانە و دەبێت هەمووان لە خزمەتی گشتیدا بین.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٦ـی نیسانی ٢٠٢٦، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر (ئەربیل) ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی پارێزگای هەولێر (ئەربیل) بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاریی بۆ دانیشتووانی پایتەخت و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی كارەبا، بە تایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی وەرز، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای هەولێر (ئەربیل) ئەنجامدرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، پارێزگاری هەولێر (ئەربیل)، دوایین پێشکەوتنەکانی پڕۆژەی (ڕووناکی) خستەڕوو، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراقە بۆ چاکسازی لە سیستەمی وزە و دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتیان، و ئاماژەی بەوەدا پڕۆژەكە هەنگاوی زۆر گەورەی بڕیوە و لە ئێستادا ٨٥%ی سنووری پارێزگای هەولێر (ئەربیل) سوودمەند بوونە لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە کەرتی خزمەتگوزاریدا هەژمار دەکرێت کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش دەستخۆشی لە تیمی ڕووناكی و هاریكاری و هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای هەولێر (ئەربیل) كرد، كە کارەکان بە شێوەیەکی خێرا بەردەوامن و تا ناوەڕاستی ئەمساڵ پڕۆژەکە دەگاتە ڕێژەی %١٠٠ لە هەموو سنووری پارێزگای هەولێر (ئەربیل). کە بە تەواوبوونی ئەم قۆناغە، هیچ شوێنێك لە سنووری پارێزگاکەدا نامێنێت کە کارەبای ٢٤ کاتژمێری نیشتیمانی پێنەگەیشتبێت.
ڕاشیگەیاند، پارێزگاری هەولێر (ئەربیل) زنجیرەیەک ڕێکاری نوێ و بەپەلەی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبا كرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان لە سەروو هەموو شتێکەوەیە و پێویستە بۆ قۆناغی ئێستا لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک و دەرگای هەموو فەرمانگەکان بە ڕووی هاوڵاتیاندا واڵا بێت بۆ بیستنی کێشە و داواکارییەکانیان، تەئكیدیشی لەسەر هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکان كردەوە بە مەبەستی بڕینی ڕۆتین و خێرا ڕاییکردنی كاروبارەكانی هاوڵاتییان وەک یەک تیمی کارگێڕی کاربکەن.
وتیشی: “ئەرکی ئێمە لەم بارودۆخەدا تەنها بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو پاراستنی سەقامگیری ژیانی خەڵک و دابینکردنی پێویستییەکانیانە. هیچ کەمتەرخەمییەک لە ڕاییکردنی کارەکان قبوڵکراو نییە و دەبێت هەمووان لە خزمەتی گشتیدا بن.”
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، گفتوگۆ لە بارەی داڕشتنی پلانێکی پێشوەختە بۆ وەرزی هاوین كرا، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە كێشە و گرفتەكانی کارەبا و کەمکردنەوەی فشار لەسەر وێستگەکان، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر (ئەربیل) چەند ڕاسپاردەیەکی گرنگی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
4
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت