فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبوونەوە و باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەسەندنەکانی جەنگی ناوچەکە و کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکانیان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی ئاداری ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازی لە ئەنڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەسەندنەکانی جەنگی ناوچەکە و کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکانی کرا.
وەزارەت دەرەوەی ئاماژەی بەوەشکرد، لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باڵیۆزی تورکیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بڕیاری داوە ڤیزای (ترانزێت) بداتە سەرجەم ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە دەروازە سنوورییە ئاسمانی و وشکانییەکاندا گیریان خواردووە، ئەمەش وەک کارئاسانییەک بۆ گەیشتنیان بەو شوێنانەی مەبەستیانە. وەزیری دەرەوەی عێراقیش سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ ئەم هەڵوێستەی تورکیا دەربڕی.
ئەوەشی خستەڕوو، فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە کە عێراق هەوڵ دەدات لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە لە گۆڕەپانی ناوخۆیی دوور بخاتەوە و لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کاریگەرییە سیاسی و ئابوورییەکانی کەم بکاتەوە.
هەروەها وەزیری دەرەوە ئاماژەی بە مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز کرد بۆ سەر ئابووریی عێراق و ناوچەکە، بەو پێیەی ڕێڕەوێکی سەرەکیی بازرگانیی وزەیە. لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگی بۆ ڕێگریکردن لە هەر زیانێکی ئابووری کردەوە کە بەهۆی جەنگەکەوە دروست ببێت.