ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر (ئەربیل)، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەنگدانی تایبەت بەبێ هیچ گرفت و کێشەیەک بەڕێوەدەچێت.
پارێزگاری هەولێر (ئەربیل) وتی، بە یاوەریی بەرپرسی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئۆفیسی هەولێر (ئەربیل) و بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر (ئەربیل) و لیژنەی ئەمنیی پارێزگا، سەردانی چەند بنکەیەکی دەنگدانمان کرد. بە خۆشییەوە لە سەرجەم بنکەکاندا پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوە دەچێت.
ئومێد خۆشناو وتیشی، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە پارێزگای هەولێر (ئەربیل) ١١١ هەزار و ٨٣٩ کەسن کە لە ٧٩ بنکە و ٣٨٥ وێستگە دەنگ دەدەن.
دەربارەی ئەگەری کێشە تەکنیکییەکان، پارێزگاری هەولێر (ئەربیل) وتی، کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر نەماوە، ئامێرەکانیش تازەن و تا ئێستا گرفتی گەورە ڕوویان نەداوە. سوپای هەموو لایەنەکان دەکەم بۆ بەشدارییان لە ئامادەکاریی بۆ ئەم پرۆسە گرنگە.
کاتژمێر ٠٧:٠٠ بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراق ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣١٣ هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراق مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە ٢٦ هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
لە سەرانسەری عێراق ٨٠٩ بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر ٠٦:٠٠ ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.
دوو سبەیش واتە ١١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
3
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت