وەزارەتى دەرەوەى عێراق سەرکۆنەى هەر داواکاری و هەوڵێک دەکات بۆ کۆچپێکردنى گەلى فەلەستینى و داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات لە دژى داواکەی ترەمپ بوەستنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ى شوباتى 2025، وەزارەتى دەرەوەى عێراق لەراگەیەندراوێکدا سەرکۆنەى ئەو داواکاری و هەوڵانەی کرد بۆ ئەوەى گەلى فەڵەستینى، بەتایبەت دانیشتووانى کەرتى غەززە لەسەر خاکى خۆیان کۆچیان پێبکرێت و دەڵێت: “ئەو جۆرە داواکارییانەى پێشێلکردنى ئاشکراى یاسای نێودەوڵەتى و مافى گەلى فەڵەستینە لەسەر خاک و وڵاتەکەى.”
وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە هەموو پلانێک ڕەتدەکەنەوە کە ئامانج لێى ئەوە بێت کەرتى غەززە لە دانیشتووانە رەسەنەکەى چۆڵ بکرێت و لەدژى دەوەستنەوە.
ڕۆژی 26ـى کانوونى دووەمى 2025 دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا وتى، “غەززە ناوچەیەکی وێرانەیە و بەشێکی زۆری داروپەردووە و خەڵک بەردەوام دەمرن؛ بۆیە حەز دەکەم لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی هەماهەنگی بکەم و لە هەندێ شوێنی جیاواز یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت و رەنگە لەو شوێنانەدا لە ئاشتیدا بژین”.
ترەمپ ئاماژەى بەوەشدا، بۆ ئەو مەبەستە بە تەلەفۆن لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن باسی ئەو پلانەی کردووە کە ئوردن و میسر و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، پەنابەری زیاتری خەڵکی غەززە وەربگرن.
ترەمپ وتی: “حەز دەکەم ئەوان خەڵکی زیاتر وەربگرن؛ میسر خەڵکی زیاتر وەربگرێت. ئێمە باس لە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کەس دەکەین بۆ ئەوەی شوێنەکە بە تەواوی پاک بکەینەوە و پێیان بڵێین کۆتایی هاتووە”.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق داواى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد دژى هەرهەوڵێک بوەستنەوە بۆ کۆچپێکردنى فەڵەستینییەکان و کار بۆ پاراستنى مافە رەواکانیان بکەن لە ژیانێکى ئارام لەسەر خاکەکەیان.