حکومەتی هەرێم قەدەغکردنی رووماڵی تاوانەکانی رایگەیاند

حکومەتی هەرێم قەدەغکردنی رووماڵی تاوانەکانی رایگەیاند

ئه‌یلول 18, 2025 17:47
حکومەتی هەرێم قەدەغکردنی رووماڵی تاوانەکانی رایگەیاند
0

لایک

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی رێرەوی لیکۆڵینەوە یاساییەکان رووماڵی تاوانەکان لە کەناڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە دەکرێت.

بەگوێرەی گشتاندنێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق، كە وێنەیەکی ئاراستەی سەرجەم، وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت كراوە، لەمەودوا رێگا بە هیچ كەناڵ و ماڵپەڕێکی تۆڕە كۆمەڵایەتییەکان نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی رووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاو بكەنەوە و رووماڵی بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەم گشتاندنە لەسەر بنەمای داواكاریی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەرکراوە، کە داوایان کردووە، رێڕەوی لێكۆڵینەوە، لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵك رەچاوبکرێت و رووداوەکان نەقۆسترێنەوە بۆ دووبەرەكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی، ئەوەش لە رێگای قەدەغەکردنی رووماڵی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوانەکانەوە، لەپێناو سەلامەتیی گشتیی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگا و رێزگرتن لە رێرەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ.

پێشتریش لە رۆژی ١٢ی‌ حوزه‌یرانی رابردوو، وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان-عێراق، لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرجەم میدیا بیستراو و بیندراوەکانی کردبوو، جەختی لەسەر راگرتنی‌ رووماڵی‌ هه‌واڵەکانی تاوانی‌ وه‌ك كوشتن و سووتان له‌ راگه‌یاندنه‌كاندا كردەوە.

لە نووسراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی‌ تێدا هاتبوو، كه‌ رووماڵی‌ ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ بازرگانی‌ و هاندانی‌ خه‌ڵكی‌ تر بۆ ئه‌نجامدانی‌ تاوانی‌ جۆراوجۆر. ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە هەر راگەیاندنێک پابەندنەبێت رێكاری‌ یاسایی‌ به‌رانبه‌ر ده‌گیرنە‌ به‌ر.

En az 10 karakter gerekli