وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، سه‌ركۆنه‌ی هێرشكردنه سه‌ر باره‌گایه‌كی سه‌ربازی كرد و رایگه‌یاند، “عێراق مافی خۆیه‌تی وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه بداته‌وه كه هه‌وڵی زیانگه‌یاندن به خاك و هێزه‌كانی ده‌ده‌ن”.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، “سه‌ركۆنه‌ی توندی ئه‌و هێرشه ده‌كه‌ین كه كرایه سه‌ر باره‌گایه‌كی سه‌ربازی عێراقی، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا عێراق مافی خۆیه‌تی وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه بداته‌وه كه هه‌وڵی زیانگه‌یاندن به خاك و هێزه‌كانی ده‌ده‌ن”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “هێرشكردنه سه‌ر هێزێكی ئه‌منی كه په‌یوه‌ندی به فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه هه‌یه و كه‌وتووەته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌وه، په‌ره‌سه‌ندنێكی مه‌ترسیداره”.
جه‌ختیشیكردووەته‌وه، عێراق مافی خۆیه‌تی هه‌ڵوێستێكی پته‌و و هه‌موو ئه‌و رێوشوێنانه بگرێته‌به‌ر كه هه‌ركه‌سێك هه‌وڵی زیانگه‌یاندن به هێزه وشكانی و ئه‌منییه‌كانی بدات، رێگریشیان لێ بكات.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه بارەگای لیوای 12ی بزوتنەوەی نوجەبا لە شەقامی فەڵەستین لە بەغداد بۆردومانکرا و بەھۆیەوە چوار کەس کوژران، ھەروەھا چوار کەسی تریش برینداربوون کە یەکێکیان بەرپرسی ھەواڵگری نوجەبایە.
بزوتنه‌وه‌ی نوجەبا پێکهێنەرێکی گرووپە چەکدارەکانی شیعەیە له عێراقدا، کە خۆیان بە “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” دەناسێنن، لە دوای 17ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023وە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه، چه‌ندین هێرشیانكردووه‌ته سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق و سووریا.