باسم عەوادی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق، رایگەیاند: سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەولێر لەسەر بانگهێشتی تایبەتی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی بوو”
باسم عەوادی لە لێدوانێکیدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: “سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی لەسەر بانگهێشتی تایبەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی هەولێری کرد”.
عەوادی وتیشی: “سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەیەک قەزا و ناحیە لە سنووری پارێزگای هەولێر بەسەر دەکاتەوە”.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە كه، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی نافەرمی و پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتووەتە هەرێم و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان بەسەر کردووەتەوە.
میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردبوویهوه، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسعود بارزانی پێشوازیی لە محهمهد شیاع سوودانی کردووە کە بە یاوەری ژمارهیهك بەرپرسی باڵای حکوومەتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و دواتریش پێکەوە سەردانی چەند ناوچەیەکی گەشتیارییان کردووە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، بارزانی و سوودانی هەروەها جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و چەند بەرپرسێک لە یەکێک لە ناوچە گەشتییارییەکانی سۆران دەردەکەون.