هیشام ریکابی، راوێژکاری راگەیاندنی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بەپێی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم، داهاتی نەوتی هەرێم لە هەژمارێکی دیاریکراو و لەژێر چاودێری بەغداد دەبێت.
هیشام ریکابی لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسیویەتی، “لێکتێگەیشتن و وردبینی باڵا لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم دروستبووە و ئەنجامی ئەوەش لە یاسای بودجەی فیدڕاڵی رەنگیداوەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “وەک چۆن لەدوای ساڵی 2012ـەوە بۆ یەکەمجارە داهاتی نەوتی هەرێم لە هەژمارێکی دیاریکراو و لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵی دانرا، لەژێر رۆشنایی ئەوەشدا سەرجەم هەژمارەکانی دیکە داخران، ئەم لێکتێگەیشتنە نوێیەی نێوان هەردوولاش هاوشێوە دەبێت”.
پێشتر محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، لەگەڵ هەرێم گەیشتوونەتە رێکەوتن لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە، بەجۆرێک داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم دەخرێتە هەژمارێک لەژێر چاودێری حکومەتی عێراق، لە بەرامبەریشدا 12.6%ی بودجەی گشتی عێراق وەک پشکی هەرێم رەوانە دەکرێت.