بریکاری کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی لە عێراق، لەبارەی قەدەغەی سەر هێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆ چین دروستیکردوون بۆ ناو عێراق ڕایگەیاند، ئەوان وەک رێکارێکی خۆپارێزی لە هێنانی ئۆتۆمبێلی قاچاخ، داوایان لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراق کردووە، رێگری بکرێت لە هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆ ناوخۆی چین دروستکراون و هێنراونەتە عێراق و دەشڵێت، ئەوان وەک تۆیۆتا گرەنتی پارێزراوی ئەو ئۆتۆمبێلانە ناکەن.
سەردار حسێن بیبانی، بریکاری کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، ئەوان وەک بریکاری فەرمی تۆیۆتا بەرپرسیارێتی ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرنە ئەستۆ، چونکە بە قاچاخ هێنراون.
دەشڵێت، لەبەرئەوەی مەرجەکانی دروستکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ ناوخۆی چینن نەک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراق، ناتوانن سێرڤس بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئۆتۆمبێلانە ژمارەیان زیاد لە ٣٠ هەزار ئۆتۆمبێلە و لەناو چینەوە رێگەدراوە بە هاوردەکردن و بە قاچاخهێنانی.
ئەوە لەکاتێکدایە، حکومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاریداوە رێگری لە هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بکات کە بۆ ناوخۆی چین دروستکراون، ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە لە بازاڕەکاندا ئەو ئۆتۆمبێلانە بە نرخێکی هەرزانتر دەفرۆشرێن.