ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەسەر شەقامی 100 مەتری سلێمانی لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، ڕێگای سەرەكی سلێمانی بۆ هەولێر زۆر خراپە و دەكرێت بە دوو ساید و چەند ساڵێكە بڕیاری لێدراوە.
ئومێد سەباح راشیگەیاند، كێشەی نەبوونی بودجە بۆ پڕۆژەكان هەر لە سلێمانی نییە، بەڵكو ئەوە كێشەی شارەكانی دیكەشە و هەموو ئەوەش پەیوەستە بە نەبوونی یاسای بودجەوە، كە 10 ساڵە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نییە، بۆیە دەبێت داهات و خەرجییەكان رێكبخەینەوە و بە یەكسانی دابەشی بكەینەوە بەسەر پارێزگاكان.
وتیشی، “رێگای سەرەكی سلێمانی بۆ هەولێر زۆر خراپە و دەكرێت بە دوو ساید و چەند ساڵێك بڕیاری لێدراوە، بەڵام درابوو بە 5 كۆمپانیا، چونكە نەدەتوانرا بە 5 گرێبەست كارەكە بكرێت، بۆیە لە ئەنجوومەنی وەزیران بیرۆكەی ئەوە گەڵاڵە كراوە، كە هەمووی بكرێت بە یەك گرێبەست و هەوڵی پەیداكردنی پارەی بۆ بدەین تاوەكو بكرێتە دوو ساید”.
ئاشكراشی كرد، لەگەڵ دروست كردن و نۆژەنكردنەوەی ئەو شەقام و رێگایانە، ئەبێت كێشەی بارهەڵگرەكان چارەسەر بكرێت، ئەوەش بە دانانی قەپان، چونكە ئەگەر ئەو كێشەیە چارەسەر نەكرێت ئەوا ڕێگاكان بەرگەی دوو ساڵ ناگرن و تێكدەچنەوە.