جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق “بە توندی” ئیدانەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکات و پێیوایە هێرشەکە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە.
ئەمڕۆ شەممە 8ـی نیسانی 2023، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تویتێکدا “بە توندی” ئیدانەی هێرشەکەی دوێنێ ئێوارەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد.
مەندەلاوی پێیوایە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی “پێشێلکردنی مەترسیداری سەرەوی خاکی عێراقە” و هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر سەلامەتی هاووڵاتییانی پارێزگاکە.
لە پەیامەکەیدا جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە لیژنەی ئەمنی و بەرگری پەرلەمان دەکات “لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەکردن” بۆ رووداوەکە پێکبهێنێت و راپۆرتێکی بەپەلە لەوبارەوە پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و هاووڵاتییانی بگیرێنەبەر.
رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 7ـی نیسانی 2023 كاتژمێر (04:18) لە نزیک سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەک روویدا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە و بووەتەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک و بەرگری شارستانی فڕۆکەخانەش کۆنترۆڵیان کردووە.