سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند: بەغدا هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، بەڵام بەهۆی چەند رێکارێکی پێداچوونەوەوە ناردنی پشکی هەرێم دواکەوتووە.
بڕیارە سبەی یەکشەممە شاندی دانوستانکاری هەرێم بچێتەوە بەغدا و سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی عێراق لە لێدوانێکدا باسی لەوەکردووە، وەزارەتی داریی پێداچوونەوەی بۆ ئەو راپۆرتانە کردووە کە شاندی دانوستانکاری بەغدا لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی هەرێم پێی داون.
ئەوەشی خستەڕوو، تەنها ئەوە ماوە کە وەزارەتی دارایی دووبارە بەو راپۆرتانەدا بچێتەوە و ئەگەر پرسیارێکیان لەبارەیەوە هەبوو دەبێت شاندی هەرێم روونکردنەوەی لەبارەوە بدات و دواتر رەزامەندی دەدریت بۆ ناردنی گوژمی یەکەمی پشکی هەرێم.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق وتیشی، ئەگەر پێداچوونەوەکان کێشەیان تێکەوت بەغدا لەجیاتی پشکی هەرێم تەنها پارەی موچە دەنێرێت و کێشە بۆ موچەی فەرمانبەران دروست ناکات.