لە عێراق دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ دزەپێدەکرێت

لە عێراق دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ دزەپێدەکرێت

تشرینی یه‌كه‌م 17, 2023 20:02
لە عێراق دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ دزەپێدەکرێت
0

لایک

پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دزەپێکردنى دۆلار بۆ وڵاتانى دراوسێ و کۆنتڕۆڵ نەکردنى تەواوەتى دەروازەکان، هۆکارى ناجێگیرى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار.

ئەنجوومەنى وەزیرانى ئابووریى عێراق بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە و جێگرى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى ئابوورى کۆبووەوە و پرسی ناجێگرى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار تاوتوێکرا.

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتى دەرەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا عەلى عەللاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق ئاماژەى بەوە داوە کە زۆر هۆکار هەن کە کاریگەرییان لەسەر بەهاى دینار هەیە بەرامبەر بە دۆلار، لەوانە دزەکردنى دۆلار بۆ وڵاتانى دراوسێ و کۆنتڕۆڵ نەکردنى تەواوى دەروازە سنوورییەکان و بەقاچاخبردن.

عەلى عەللاق ئاماژەى بەوەش داوە، یەکێک لە هۆکارەکانى دیکە کە کاریگەرییان لەسەر بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار هەیە، مامەڵەى نێوخۆیی دراوە لە بازاڕدا.

بانکى ناوەندیى عێراق، یەک دۆلار بە 1310 دینار دەفرۆشێت وەک نرخى فەرمى، لەکاتێکدا بەهاکەى لە بازاڕدا لە 1600 دینار نزیک دەبێتەوە.

یەکێک لە هۆکارەکانى ئەو ناجێگیرییەى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار، دزەپێکردنێتى بۆ دەرەوەى عێراق، بەتایبەت بۆ وڵاتانى دراوسێ. پارێزگارى بانکى ناوەندی لەو کۆبوونەوەیەدا وتوویەتی، “هۆڵێکى تایبەت لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغداد دانراوە بۆ بانکە ئەهلییەکان، بە مەبەستى فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران.”

بانکى ناوەندیى عێراق بە نرخى فەرمى دۆلار بە گەشتیاران دەفرۆشێت کە دەچێتە چوارچێوەى فرۆشتنى نەختینەیى دۆلار کە رۆژانە لەلایەن بانکەکەوە رادەگەیێندرێت.

بانکى ناوەندیى عێراق لە 12ى تشرینى یەکەمى 2023 نووسراوێکی ئاراستەى کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانى دراو کردووە، تێیدا هاتووە، بە مەبەستی ئاسانکاریى دەستگەیشتنى گەشتیاران بە دۆلار، دەتوانن نووسینگە لە فڕۆکەخانەکانى بەغدا، بەسرە، نەجەف و هەولێر بکەنەوە.

En az 10 karakter gerekli