وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت: رێککەوتنی نەوت کاریگەریی لەسەر چارەسەرکردنی بەشێکی گەورەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەبێت و راشیدەگەیەنێت: تا ئێستا روون نییە ئەم مانگە پارە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت یان نا.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دوای ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی نەوت بە میدیای نزیك لە پارتی راگەیاند: رێککەوتنەکە کاریگەریی لەسەر بوودجە و چارەسەرکردنی بەشێکی گەورەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەبێت.
وتیشی: سەرچاوەی رێککەوتنەکە لە یاسای بوودجەوە هاتووە و بۆ سەقامگیری دۆخی سیاسی عیراق و هەرێمی کوردستان کاریگەریی زۆری دەبێت.
ئاوات شێخ جەناب سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی بەغداد لەم مانگەدا پارە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات رایگەیاند: تا ئێستا روون نییە و لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق نەکردووە.