دوێنێ یەکشەممە، ٢٩ـی ئاداری ٢٠٢٦، مەسعود بارزانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان-عێراق بەشێک نییە لەو گرژی و شەڕانەی لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام بەردەوام رووبەڕووی هێرشی ناهەق دەبێتەوە. مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، هێرشەکان زوڵمێکی گەورەن و داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد کە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە بدۆزنەوە.
دەقی پەیامی مەسعود بارزانی بەمشێوەیە:-
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە لەو كێشە و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەكەدا هەیە بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێك خەڵك هەن بە بێ ئەوەی كەس ڕێگرییان لێ بكات، تەركیزی سەرەكییان ئەوەیە چۆن و بە چ ڕێگەیەك دژایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن و هەمیشە بەناهەقی پەلاماری هەرێم و پێشمەرگە دەدەن و دەبنە هەڕەشە لەسەر ژیان و سەقامگیریی خەڵكی كوردستان.
بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو دەیانجار بە زوڵم و بە بێ پاساو بە درۆن و بە موشەك پەلاماری هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی پێشمەرگەیان داوە و خەڵكی بێگوناحیان شەهید و بریندار كردووە. لەوەتەی ئەو شەڕەش دەست پێكراوە زیاتر لە ٤٥٠ جار بە موشەك و بە درۆن هێرشیان كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەر لەو ماوەیە پێنج جار هێرشیان كردۆتە سەر بارەگای ئێمە، بەڵام بێدەنگەمان لێ كردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێت. دوێنێش لە شاری دهۆك بە درۆن پەلاماری ماڵی سەرۆكی هەرێمیان داوە. بابەتەكە ماڵ یان بارەگای كەس نیە، هەموو شوێنێكی كوردستان و هەموو ماڵی كوردستانیان لای ئێمە بەهای هەیە.
ئەو جۆرە هێرشانە شەڕفرۆشتنێكی ئاشكران و زوڵمێكی گەورە و زێدەڕۆیی و ناهەقیەكی گەورەن بەرانبەر هەرێمی كوردستان و دەبێ چارەسەرێكی جددی و یەكلاكەوەرییان بۆ دابنرێت. لە ڕاستیدا ئەمە بە ئیدانەكردن و تەلەفۆن و بروسكە و لیژنە چارەسەر نابن. دەستەڵاتدارانی عێراقی دەبێ خۆیان یەكلایی بكەنەوە یان ئەوەتا ڕایبگەیێنن كە لە توانایاندا نیە ڕێگری لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە بكەن، یانیش دەبێ بە جددی بێنە سەر هێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بكەن و ئیجرائاتی جددی بكەن كە چیتر ڕێگە نەدرێت پەلامار و هێرشی ناڕەوا بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان.
لێردەدا دووپاتی دەكەینەوە، گەلی كوردستان بە ئیرادەیەكی پۆڵایین بەرگری لە پەیامی ئاشتیانە و دۆزی ڕەوای خۆی دەكات و هیچ هەڕەشە و پەلامار و دوژمنێك نەیتوانیوە و ناتوانێ ئەو ئیرادەیە بشكێنێت.
مسعود بارزانی
٢٩ـی ئاداری ٢٠٢٦
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
3
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت