ئه‌ردۆغان بۆ یەکێتی: دەرگاکانی لێبوردەیی تا کۆتایی دادەخەین

ئه‌ردۆغان بۆ یەکێتی: دەرگاکانی لێبوردەیی تا کۆتایی دادەخەین

شوبات 15, 2024 21:11
ئه‌ردۆغان بۆ یەکێتی: دەرگاکانی لێبوردەیی تا کۆتایی دادەخەین
0

لایک

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی پەکەکە. هۆشداریشی دایە یەکێتی و وتی، “دەتوانین بەرگەی زۆر بابەت بگرین، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر مانەوە و ئاسایشی نیشتمانیمان، دەرگاکانی لێبووردەیی تا کۆتایی دادەخەین.”

لەکاتی گەڕانەوەی لە قاهیرە بۆ وڵاتەکەی رۆژی پێنجشەممە، 15-2-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە کە یەکێک لەو پرسیارانە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – سلێمانی و کۆبوونەوەکەی بوو لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق لە دوبەی.

سەرۆککۆماری تورکیا وتی، “ئێمە چەندین جار هۆشداریمان لەبارەی ئەو هەڵوێستە نەرێنییەی سلێمانی داوە. پێمانوتن؛ لەوێ چەند پێکهاتەیەک لە ناوچەکە دەبینین، دەرفەتیان پێ مەدەن. ئەگەرنا تەنیا دەمێننەوە.”

ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لەگەڵ هەولێر لە پەیوەندییەکانی زۆر باشدان و سەبارەت بە سلێمانیش وتی، “سلێمانی، هەمیشە دەستمان بەسەریەوەیە و شوێنێکە هاونەژادەکانی ئێمەی لێیە. لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لەگەڵ هەولێر لە ئاراستەیەکی باشین و بەرەوپێش دەڕۆین. بەڵام سلێمانی، واتە ئیدارەی “ی ن ک” سەرەڕای ئەوەی چەندین جار ئاگادارمان کردوونەتەوە، بەداخەوە بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکە/یەپەگە/پەیەدە”.

سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد لە دیدارەکەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی لە دوبەی باسیان لەو بابەتە کردووە و رایگەیاند، “لە دیدارەکەماندا ئێمە بابەتەکەمان خستە بەر باس و ئاگادارمان کردنەوە. با هیچ کەسێک چاوەڕێی هەڵوێستێکی جیاواز لە ئێمە نەکات. کاردانەوەی پێویستمان دەبێت. ئەم بابەتە فەرامۆش ناکەین و ئەو هەنگاوانە دەنێین کە لەدەستمان دێن. دەتوانین بەرگەی زۆر بابەت بگرین، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر مانەوە و ئاسایشی نیشتمانیمان، دەرگاکانی لێبووردەیی تاوەکو کۆتایی دادەخەین و ئەوەی پێویستە دەیکەین.”

ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، ئەگەر ئامانج لەو هەنگاوانە دووژمنداری بێت، کاردانەوە و رێکاری پێویستیان دەبێت، هەروەها سڵناکەنەوە لە هەنگاوی تووندتر.

ئەردۆغان بە گشتی وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا دایەوە و وتی، “تورکیا بەرامبەر دۆست، دۆستە. وەزیری دەرەوەمان هاکان فیدان، وەزیری بەرگریمان یاشار گولەر و سەرۆکی MIT ئیبراهیم کاڵن بەدوای یەکەوە سەردانی عێراقیان کرد. ئەم سەردانانە ئەو کەشەیان ئارام کردەوە کە پێشهاتی نەرێنییان لە عێراق دروستکردبوو. هەروەها پێشهاتی باش بوون لە بابەتی هەنگاوی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی تورکیا – عێراق چ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و چ لەگەڵ باکووری عێراق”.

لە بابەتی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” ئەردۆغان رایگەیاند، “دوای نیشاندانی راستگۆیی و مەردایەتی، بەتایبەتیش دوای رێگەنەدان بە دروستکردنی ‘ستان’ی تیرۆرستان لە بنپاڵی سنوورەکانی باشوورمان، ئێمە هەموو جۆرە هەنگاوێک بەیەکەوە لەگەڵ دراوسێکانمان دەنێین. ئەو رێزەی ئێمە بەرامبەر یەکێتیی خاکی عێراق و سووریا نیشانی دەدەین، هیچ کەسێک نیشانی نادات.”

En az 10 karakter gerekli