پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق گەیشتە سلێمانی.
شاندەکە پێکهاتبوون لە فەریق روکن قەیس خەلەف محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر و ژمارەیەک فەرماندەی دیکەی ئەمنی و سەربازیی عێراق، بە یاوەری قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
ئەم سەردانەش دوای ئەوەدێت، لەسەر بڕیاری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەو شاندە راسپێردراون لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بکەن.
ئێوارەی رۆژی هەینی 07-04-2023 وێنەی دووکەڵی لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوبووەوە؛ سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، “هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە”. دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.