قەڵای هەولێر (ئەربیل) کە یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شوێنێکی یادەوەرییە کە ئاسەواری شارستانییەتە جیاوازەکان بە درێژایی مێژوو هەڵدەگرێت، کە لانکی ئیسلام و تورکمان بووە لە سەردەمی سوڵتان موزەفەرەددین گۆکبۆری. ئەم قەڵا دێرینە کە لە لیستی میراتی جیهانی یونسکۆدایە، مێژوویەکی ٦ هەزار ساڵەی نیشتەجێبوونی بێ پچڕانی هەیە. قەڵاکە کە لە ژێر دەسەڵاتی زۆرێک لە دەوڵەتەکاندا مایەوە لە ئاشوورییەکان و مادەکان و ساسانییەکان و عەباسیەکانەوە تا دەگاتە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، زیاتر تیشکی خستە سەر شوناسی کولتووری خۆی کاتێک تورکمانەکان نیشتەجێبوونێکی پتەویان لێرە دامەزراند، بە تایبەت لە سەردەمی سەلجوق و عوسمانیدا.
قەڵاکە تەنها بنکەیەکی سەربازی یان ناوەندێکی ئیداری نەبوو، بەڵکو ناوچەیەکی نیشتەجێبوون بوو کە ڕەنگدانەوەی ژیانی ڕۆژانە و تەلارسازی نەریتی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی خەڵکانی ناوچەکە بوو. بەڵام ئەم ئاسەورانە کە بەدرێژایی ساڵان پشتگوێ خرابوون، بەهۆی فراوانبوونی شارەکان و کەموکورتی ژێرخانی زیانێکی زۆریان پێگەیشت. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا کاری بەرفراوانی نۆژەنکردنەوە دەستیپێکردووە و ئامانجی هەم پاراستن و هەم بوژاندنەوەی قەڵاکەیە.
سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی بوژانەوەی قەڵای هەولێر (ئەربیل)، ڕۆژی ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥، فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵای هەولێر (ئەربیل) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و دوایین کارەکانی بوژاندنەوەی خستەڕوو.
فەلاح حەسەن سەرەتا باسی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر (ئەربیل) کرد و ڕایگەیاند، ئەم کۆمیسیۆنە ڕاستەوخۆ سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە واتا ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی قەڵای هەولێر (ئەربیل) دەکات، ئەوە دەستکەوتێکی باشە لەبەر ئەوەی هەریەک لە فەرمانگەو دەستەکانی حکومەت ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت هەموو داواکارییەکانمان بە ڕاستەوخۆ بگەیەنین، یەک لەو کارانەی کەوا کرا ئەوە بوو کە حکومەت پشگیرییەکی باشی بۆ قەڵا کرد بۆ ئەوەی کارەکانی خۆی تەواو بکات.
دەربارەی شەقامی سەرەکی قەڵا، فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵای هەولێر (ئەربیل) ئاماژەی بەوەکرد، لەو شەش مانگەی کە دەستمان بە کار کرد نزیکەی ١٢٠٠ مەتر چوارگۆشە، ئەو فەرشەی کە لە بن پێتانە ئەو عەردەی کە ئێستامان تەواوکرد. هاوکات شەقامی ئەساسیەمان تەواو کردووە کە ٣٠٠ مەترە لە دەرگای ئەحمەدی هەتا دەرگای ناو بازاڕ ئەوە ئێستا لە حاڵەتی ئامادەبوون دایە ماوەیەکیش وەکو تاقیکرنەوە دامانابوو بۆ ئەوەی ببینین بە باران بارین هیچ کێشەیەک دروست دەبێت یاخود نا.
ئەوەشی خستەڕوو، یەک لەو بابەتانەی کە ماویەتی بابەتی کارەباییەکانە کە هۆکاری زۆربەی زۆری ئەو بۆنانە کەوامان کردبوو زەحمەتر بتوانن ئەنجامی بدەن لەسەر قەڵا، بابەتی سەلامەتی بوو چونکە کارەبا لە گۆڕێیە و نامانەوێ کارەساتی خراپ ڕووبدات. بابەتی بۆڕی ئاو و ئاوەڕۆشمان هەیە کە لە کۆتاییەکانە سەبر سەبر وا تەواوی دەکەین.
فەلاح حەسەن، تیشکی خستەسەر ڕووناکردنەوەی دەرەوەی قەلات و وتی، “بابەتی کارەباییاتی دەرەوەی قەڵامان هەبوو ئەو خانووانەی سەر بەدەرەوەی قەڵایە کە زۆر گەورەن و کۆی گشتی ٩١ خانوون. ماوەیەک پێش ئێستا لە کارکردنی نزیکەی ٣ مانگی ڕابردوو توانیمان نیوەی ئەو خانووانە ئاوەدان بکەینەوە بەو گڵۆپانە”.
سەبارەت بە حەمامەکەی قەڵا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵای هەولێر (ئەربیل) ڕایگەیاند، سوپاسی کونسوڵخانەی ئەمریکی دەکەین کە کاتی خۆی دەستی نۆژەنکردنەوەی بۆمان درێژکردووە و ئێستا لە قۆناغی تەواو بوونە پێموایە لە ئایندەکی زۆر زۆر نزیک حەمامەکە تەواو دەبێت. بەڵام بەکار هێنانی حەمامەکە چۆن دەبێت چۆن نابێت ئەوە بابەتەکە دەکەوتە دوای تەواوبوونی کارەکان بۆ ئەوەی بە پاک و خاوێنی زیاتر بمێنێتەوە. بابەتی مزگەوتمان هەیە کە هەینیان خەڵکێکی زۆری هەولێر (ئەربیل) دەهاتن بۆ سەر مزگەوتی قەڵا بۆ مەسەلەی نوێژ، پێمان واییە لە پاش جەژن ئەو مزگەوتەش تەواو دەبێت.
فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵای هەولێر (ئەربیل) ڕاشیگەیاند، بێگومان قەڵا کارەکانی زۆرە بەڵام کارەکانی لەبەر ئەوەی شوێنێکی مێژووییە دەبێت زۆر بە حەساسی و وردی کاری لەگەڵ بکەین، لەبەر ئەوە کاتی زیاتری دەوێت. ئێمە هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی بە جوانی ئاوەدانی بکەینەوە بۆ خەڵکی خۆمان تا چیتر ئەوەندە ڕانەوەستن و تەحەمولی ئەو ناخۆشیانە نەکەن کە لەدەرەوی شار سەیر دەکەن و ناتوانن بێنە ژوورەوە.
فەلاح حەسەن باس لە کێشەیەکی قەڵا دەکات و دەڵێت، یەک لەو کێشانەی کە دەمانەوێ چارەسەری بکەین ئەوەیە کە لە بەینی شەقامە بچووکەکان خەڵک دەتوانێت بچێتە ژوورەوە کە ئەوەش سەلامەتی تێدانییە و نوقتەی سەلامەتیەکانی تێدانییە. وەکو ئەندازیاریی بە هیچ شێوازەک نامانەوێت خەڵک بچێتە ئەو شەقامە بچووکانە. بۆیە کاری داهاتوومان ئەوەییە کە لەمەودوا ئەو دەرگا و شەقامانە دابخەین بۆ ئەوەی لە پشت شەقامەکان کاریان لێبکەین. دوای ئەوەی کە ئەو دەرگانە تەواو دەبن ئەوکاتە پێمان وایە ئەگەر بکرێت هەفتەی ڕۆژەک ڕێگە بە خەڵک بدەین بۆ ئەوەی سەردانی شەقامە بچووکەکان بکەن و ببینن کە قەڵا لە چ قۆناغێکە .
فەلاح حەسەن، درێژە بە قسەکانیدا دەدات و ڕایدەگەیەنێت، خەڵکە گلەیی لەوەدەکات کە دەڵێن لە عەرزەکەدا بۆچی ئەو ڕەنگە بەکارهاتووە، دەیانتوانی ڕەنگی جوانتر بەکاربهێنن. ئەوە بە ڕێکاری یۆنسکۆ داندراوە چونکە یونێسکۆ پێیوایە کە ئەگەر عەرزەکە زۆر گرنگیمان پێیدابایە ڕەنگی جودامان دانابا و نزیک با لە قەڵات، ئەوکات خەڵک سەرنجی بۆ خانووەکانی قەڵا نەدەچوو سەیری عەرزەکەی دەکرد. قەڵات جێگایەکی زۆر زۆر جوانە کە هەرچی لێبکەیت زۆر بە جوانی بەر چاوی خەڵک دەکەوێت. قەڵا خۆی لە ٥٠٦ خانوودا پێکهاتووە و هەریەکەیان کۆنیش بن بەڵام جوانی و حیکمەتی خۆیان لەناودا هەیە.
فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵای هەولێر (ئەربیل) لەسەر تێچووی نۆژەنکردنەوەکان دەڵێت، ئێمە ناتوانین ڕێژەیەکی تەواوی تێچووەکان دیاریبکەین چونکە گۆرانگاری زۆر ڕوویداوە لەدوای شەری داعش و کۆرۆنا و بڕانەوەی بوودجەی هەرێم لەلایەن عێراق، ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ئەوەی ڕێژەیەکی تەواو دەستنیشان نەکەین بەڵام لەو بەڵگەنامانەی کە هی یەکێتی ئەورووپی و حکومەتی خۆمان لەبەردەستە نزیکەی ١٧ ملیۆن دۆلار تا ئێستا لە قەڵا سەرفکراوە. جگە لەمەش دەکرێت خەڵکی تر و لایەنی تر یارمەتی دابووبین.
سەبارەت بە کردنەوەی دەرگای قەڵا بە شەو، فەلاح حەسەن ڕایگەیاند، خۆتان دەزانن کە لە ساڵێکدا شەش مانگمان گەرمە، بۆیە خەڵک زیاتر دوای عەسر دێت بۆ سەردان، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ کردنەوەی قەڵای هەولێر (ئەربیل) بە شەو. بەرنامە وایە کە بەپێی یونێسکۆ کۆمەڵە شوێن بکەینەوە هەم وەکوو هۆتێلێکی سەردەمی کۆن بێت و هەم چەند چایخانە و کافتریاش بکەینەوە.
هەواڵ: ئەمیر دەمیرجی
وێنە: دانیال کورەچی



1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
4
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت