رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک)، بڵاویکردەوە کە رێژەی خستنە بازاڕی نەوتی جیهانی لە مانگی ئایاردا بەراورد بە مانگی پێشتر رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ 100 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل.
بەپێی راپۆرتی مانگانەی ئۆپیک سەبارەت بە بازاڕی نەوت، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی خاوی رێکخراوەکە لە مانگی ئایاردا بەراورد بە مانگی پێشتر 464 هەزار بەرمیل کەمیکردووە و 28 ملیۆن و 60 هەزار بەرمیل بووە.
هاوکات بەشی ئۆپیک لە بەرهەمی نەوتی جیهاندا بە سەدا 28 تۆمار کراوە.
لەو ماوەیەدا نێجیریا، ئێران و ئەنگۆلا لە ئۆپیکدا زۆرترین رێژەی بەرهەمی نەوتی خاویان زیادکردووە. سعوودیە، ئیمارات و کوێت زۆرترین پاشەکشەیان لە بەرهەمدا کردووە.
لە هەمان کاتدا وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیک بەرهەمی رۆژانەی نەوتیان نزیکەی 600 هەزار بەرمیل کەمی کردووە و گەیشتووەتە 72 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل.
بەم شێوەیەش رێژەی خستنە بازاڕی نەوتی جیهانی لە مانگی ئایاردا بە بەراورد بە مانگی پێشتر رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ 100 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل. ئەمە لە کاتێکدا ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل بووە.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا داخوازی نەوت لە جیهاندا بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رۆژانە دوو ملیۆن و 350 هەزار بەرمیل بێت و بگاتە 101 ملیۆن و 910 هەزار بەرمیل.