دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت

دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت

شوبات 17, 2026 14:34
دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت
0

لایک

تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەک، دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئێران و شاندی ئەمریکا بەنێوەندگیری وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان لە جنێڤی سویسرا بەڕێوەدەچێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان بەر لە دەستپێکردنی دانوستان، شاندی هەردوو وڵات بە جیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کۆبوونەتەوە، ئەمەش بەو پێیە دانوستانەکانی ئەمجارە تەنیا لە چوارچێوەی پرسی دۆسیەی ئەتۆمی دەبێت.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم گەڕەی دانوستانەکان دەچێتە قۆناخی تەکنیکی.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، گەڕ ئەمجارەی دانوستانەکان لە کەشێکدا بەڕێوەدەچێت، کە تاران جەخت لە جددی بوون و ئامادەیی تەواو دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوسەنگ، لە هەمانکاتدا داوا لە پابەندبوونی هەڵوێست و رەفتاری پیشەیی دیپلۆماسیەتیی ئەمریکا دەکاتەوە کە لە خزمەتی بەرەوپێشبردنی دانوستانەکاندا بێت.

هەروەها ئاماژەیانداوە، ئەم گەڕەی دانوستانەکان وەک گەڕی یەکەم کە لە مەسقەت بەڕێوەچوو، هەر بەنێوەندگیری بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان دەبێت، واتە پەیام و وەڵام و داواکارییەکانی شاندی دانوستانکاری نێوان هەردوو وڵات بەیەک دەگەیەنێت.

لەلایەن خۆیەوە ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەگوێرەی رێکارەکان، شاندی دانوستانی هەردوو وڵات سەرەتا لەگەڵ نێوەندگیرە عومانییەکە گفتوگۆ دەکەن، دواتر ئەو پەیامەکانی هەردوولا ئاڵوگۆڕ دەکات.

وتیشی: ئەوەی روون و ئاشکرایە، گەڕی ئەمجارەی دانوستانەکان تایبەتە بە گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.

En az 10 karakter gerekli