دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق کردنەوەی ئاسمان و سەرجەم فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەی بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا راگەیاند. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت بەهۆی جەنگی ئێرانەوە گەشتەکان بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک راگیرابوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ـی نیسانی ٢٠٢٦، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، لەمڕۆوە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق دەکرێنەوە و ئاسمانی وڵات بە رووی هاتوچۆی فڕۆکەکاندا ئاسایی دەبێتەوە.
هاوکات، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر (ئەربیل) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیایی پارتی، رایگەیاند، دوای بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی عێراق بۆ گەشتە ئاسمانییەکان، سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر (ئەربیل)، روونیشی کردەوە، فڕۆکەخانەی هەولێر (ئەربیل) بە شێوەیەکی تەواوەتی ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن و بەڕێکردنی گەشتەکان. ئاماژەی بەوەش دا، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکاری و رێکخستنی وردەکاریی گەشتەکانی هاتن و چوونن بۆ وڵاتانی دیکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر (ئەربیل) ئەوەشی خستەڕوو، لە نزیکترین کاتدا لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، پێشوازی و بەڕێکردنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر (ئەربیل) دەستپێدەکاتەوە.