کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین تاکو کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرجەم گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و تاکو کۆتایی ئەم مانگەش گەشتەکانی کاژێر 10ـی شەوانی راگرت.
شەوی رابردوو، هەندرێن هیوا موفتى، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگەیاند، “کاتژمێر 7:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن کۆمپانیای تورکیش ئێرلاینەوە ئاگادارکراینەوە کە ئەو گەشتانەیان کە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییە و کاتژمێر 10ـی شەو بوو، تاکو کۆتایی مانگ راگرتووە، ئەو گەشتەی دیکەیان کە چواری بەرەبەیان بوو تاکو 5ـی ئەم مانگە رادەگیرێن”.
تایبەت بە هۆکاری راگرتنی گەشتەکانیش، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی وتی، “ئێمە داوای روونکردنەوەمان کردووە، بەڵام هێشتا وەڵاممان نەدراوەتەوە، ناشزانین راگرتنی گەشتەکان بۆ چییە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقیمان لە بابەتەکە ئاگادار کردووەتەوە”.
کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین، رۆژانە دوو گەشتی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەیە، یەکێکیان 10ـی شەوە و ئەوەی دیکەشیان 4ـی بەیانییە.