ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 19ـی ئه‌یلوولی 2023) فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له په‌راوێزی به‌شداریكردنی له كۆبوونه‌وه‌كانی 78ـه‌مینی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه له شاری نیویۆرك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌گه‌ڵ حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌ویه ئێران كۆبووه‌وه و هه‌ردوولا تاووتوێی بارودۆخی سیاسی ناوچه‌كه و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ئه‌منی نێوان به‌غداد و تاران و چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیداریان كرد.
له‌لای خۆیه‌وه عه‌بدوڵڵاهیان سه‌ردانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقی بۆ تاران له هه‌فته‌ی رابردوو به‌رز نرخاند، به‌تایبه‌ت كه جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌منی نێوان هه‌دوولای لێ كه‌وته‌وه و حكومه‌تی عێراق به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم له‌و باره‌یه‌وه رێككاره پێویسته‌كانی گرته‌به‌ر.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له دوایین پێشهاته‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران و ئازادكردنی پێنج هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به ئازادكردنی پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران كرا، كه بڕی شه‌ش ملیار دۆلار بوو له‌لای كۆریای باكوور هه‌ڵگیرابوو.
هه‌ر یه‌ك له وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ئێران هاوكات به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌یان په‌یوه‌ست كرد به گفتوگۆكردنی بارودۆخی ئه‌منی و سیاسی و ناوچه‌كه و په‌یوه‌ندییه نوێیه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و سه‌قامگیری ناوچه‌كه كرده‌وه.