موقتەدا سەدر هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و داوای گەیاندنی ئاو بۆ غەززە دەکات
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • موقتەدا سەدر هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و داوای گەیاندنی ئاو بۆ غەززە دەکات

موقتەدا سەدر هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و داوای گەیاندنی ئاو بۆ غەززە دەکات

تشرینی یه‌كه‌م 15, 2023 15:17
موقتەدا سەدر هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و داوای گەیاندنی ئاو بۆ غەززە دەکات
0

لایک

لە خۆپیشاندنی ملیۆنی بەغداد، موقتەدا سەدر لە رێگەی نوێنەرێکی خۆیەوە پەیامێکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و هۆشداریدا لەوەی بەرەو ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوبنێت و داوای گەیاندنی هاوکاری و ئاوی خوارنەوەشی کرد بۆ کەرتی غەززە.

رۆژی هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە گۆڕەپانی تەحریری بەغداد، شێخ موهەننەد موسەوی لە خۆپیشاندنی ملیۆنی لایەنگرانی سەدر، وتاری نوێژی هەینی خوێندنەوە کە پەیامی موقتەدا سەدری لەخۆگرتبوو لەبارەی دۆخی کەرتی غەززە و جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

سەدر لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، “قودس بۆ ئێمە تەنیا درووشم نییە، قودس هی ئێمەیە و ئیسرایلیش قەوارەیەکی داگیرکەری خاک و موقەدەساتی ئێمەیە، ئیسرائیل قەوارەیەکی تیرۆریستییە بە هەموو مانای وشەیەک و ئەوەی ئێستا لە غەززە دەیکات تیرۆرە لەدژی خەڵکی ناوچەکە”.

لە پەیامەکەیدا موقتەدا سەدر باسی لەوەشکردووە، هەموو گەلانی ئیسلامی ئامادەن قوربانی بدەن لەپێناو فەڵەستین و خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەمڕۆی عێراقیش بەشێکە لە پشتیوانی لە مافەکانی فەڵەستین.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەدر داوای یەکهەڵوێستی و داخستنی باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیلی کرد لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی و داوای گەیاندنی بەپەلەی هاوکاری مرۆیی کرد بۆ کەرتی غەززە بەتایبەتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی غەززە.

هاوکات داوای لە لایەنگرانی کرد دەستبکەن بە کۆکردنەوەی کۆمەکی و هاوکاری بۆ غەززە و رایگەیاند، “ئێستا ئێوە پابەندبن بە ئامادەکردنی کاروانی هاوکارییەکان بۆ کۆمەکیکردنی غەززە” و ئاماژەی بەوەشکرد کە لە رێگەی سووریا یان میسرەوە هاوکارییەکان بگەیەننە فەڵەستین.

لە درێژەی پەیامەکەشیدا، موقتەدا سەدر هۆشداریدایە ئیسرائیل بیر لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بکاتەوە و رایگەیاند، “پەلهاویشتنی ئیسرائیل بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی ئەوەی کە چاوەڕێی ناکەن”.

ئه‌مڕۆ هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در بۆ پشتیوانی له‌ فه‌ڵه‌ستین و سه‌ركۆنه‌كردنی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غداد خۆپیشاندانی ملیۆنیان ئه‌نجامدا.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 10:30ـی شەوی دوێنێ پێنجشەممە) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 537 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخنەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.

En az 10 karakter gerekli