بەبڕیاری لێژنەی فەتوا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، گۆڕانكاری لەكاتی بانگەکاندا دەكرێت و گۆڕانكارییەكانیش زۆرتر لە كاتی بانگی بەیانی و عەسردایە؛ گۆڕانکاریی بانگی ئێوارەش نزیکەی 5 خولەکە.
د. محەمەد عەبدوڵڵا، سەرۆكی لێژنەی پێداچوونەوە بە خشتەی كاتی بانگەكان لە سنووری سلێمانی بە میدیا خۆجێیەکانی راگەیاند، بەشێوەیەكی “زانستی و شەرعی” ئەو گۆڕانكارییانەیان كردووە و وتی، ”نزیكەی 30 ساڵە ئەو خشتەی بانگدانە هەیە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، هەندێک لە مامۆستایان بەتایبەت لە رەمەزانی رابردوودا رەخنە ئەوەیان هەبوو كە زووتر بانگ دەدرێت. دوای پێداچوونەوە بۆمان دەركەوت قسەكەیان راستە، بۆیە ئەو گۆڕانكارییانەمان كرد”.
د. محەمەد لەبارەی گۆڕانكارییەكان و ئەو كاتانەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە ئاماژەی بەوەکرد، “گۆڕانكارییەكان بەپێی مانگەكان جیاوازە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كاتی بانگدانی بەیانی و عەسر زۆر گۆڕاوە، بەیانی نزیكەی حەوت خولەک و عەسریش نزیكەی 15 خولەک درەنگتر بانگ دەدرێت، بۆ نوێژی نیوەڕۆ، ئێوارە و خەوتنانیش نزیكەی پێنج خولەک درەنگتر بانگ دەدرێت”.
سەرۆكی لێژنەی پێداچوونەوە بەخشتەی كاتی بانگەكان لە سنووری سلێمانی داوا لە خەڵک دەكات لەپێناو ئەوەی تووشی گرفت نەبن بەرنامەی كاتی بانگدانی مۆبایلەكانیان ئەبدەیت بكەنەوە.