سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی، پشتیوانی خۆی بۆ مەرسوومە نوێیەکەی سەرۆکایەتی سووریا سەبارەت بە دانپێدانان بە مافەکانی کورد دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ و جێگیر کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت.
نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشی لە مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا دەکات کە ڕۆژی ڕابردوو دەرچووە و تێیدا کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی وڵاتەکە ناسێندراوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی سیاسی و یاسایی دروست و گرنگ وەسف دەکات کە دەبێتە هۆی زامنکردنی مافەکانی هەمووان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە سووریادا.
لە پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوە دەدات، ڕێزگرتن لە فرەیی و یەکسانی نەک هەر نابێتە هۆی دابەشبوون، بەڵکوو وەک سەرچاوەی هێز و کۆڵەکەی سەقامگیری و ئاشتی و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نیشتمانی لە قەڵەم دەدرێت، هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی، بایەخی ڕاستەقینەی ئەم بڕیارانە کاتێک دەردەکەوێت کە ببنە یاسای کارپێکراو و لە دەستووری داهاتووی سووریادا جێگیر بکرێن بۆ ئەوەی پارێزبەندییەکی هەمیشەییان هەبێت.
هەروەها دەڵێت، هەرێمی کوردستان-عێراق پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکات کە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتێکی گشتگیر بێت لە سووریا، بە شێوەیەک کە دوور بێت لە پەراوێزخستن و جیاکاری، هەروەها مافە سیاسی و کولتوورییەکانی هەمووان تێیدا پارێزراو بێت، ئەمەش بە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە دەزانێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە دوور لە توندوتیژی و بە هەماهەنگی، میکانیزمی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرسوومە دابنێن و بیخەنە بواری کردەییەوە.
هەروەها ئامادەیی تەواوی هەرێمی کوردستان-عێراقی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک نیشان داوە کە خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە بکات.
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
4
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت