وەزارەتی پلاندانی عێراق جارێکی تر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە سەرژمێری گشتی لە عێراق هیچ مەرامێکی سیاسی له پشتەوە نییە، داوا لە هاووڵاتیانی سنوری ناوچە دابڕێنراوەکان و ئاوارەکان دەکات بەشداری لە پڕۆسەکە بکەن و ناوخۆیان تۆمار بکەن و زانیاری دروست بە تیمەکان بدەن، لای خۆیەوە شارەزایەکی بواری ئاماریش دەڵێت: “هەر هاووڵاتییەک بەشداری نەکات لە داهاتوودا کێشەی بۆ بەڕێکردنی مامەڵە دروست دەبێت لە دامودەزگانی دەوڵەت، چونکە بەشداری لە سەرژمێری نەکردووە و ئەرشیف و زانیاری لای حکومەت نییە”.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، پلانی سەرژمێری تەنها بۆ مەبەستی گەشەپێدانی گشتیی داڕشتووە. دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان و ئاوارەکان و دانشتوانی ناوچە دابڕێنراوەکان تاکو بەشداری لەو پڕۆسەیە بکەن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن، حکوومەتی عێراقی کار بۆ ئەوە دەکات ئەو ترسە بڕوێنێتەوە کە دەگوترێت ئەنجامی سەرژمێریەکە بەهۆی ئاوارەکان و ئەوانەی شوێنی نشتەجێبوونی خۆیان گۆڕیوە، دیمۆگرافیای سنوری پارێزگاکان و شوناسی هاووڵاتیان دەشێوێنێت.
عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان عێراق وتی: “ئەوانەی کە شوێنی نشتەجێبوونیان گۆڕاوە، پرسیاریان لێ دەکرێت شوێنی ئێستە و شوێنی ڕابردوویان و ماوەی چەندە شوێنیان گۆڕیوە، هۆکارەی گواستنەوەیان چی بووە، 16 پرسیاریان لێ دەکرێت لە بارەی ئاوارەبوونیان و ئەبێت وەڵامەکانیان دروست بێت بۆ ئەوەی شوناسی خۆیان لە دەست نەدەن”.
تۆمارکردنی داتا و زانیاری خێزان و کەسی و خانوو و تەنانەت پێداویستەکانی دیکە لە لایەن تیمەکانی سەرژمێری، لە داهاتوودا دەبێتە هەوێنی ئاماری دروست بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەت ، بۆیە هەر کەسێک بە بێ هۆکار بەشداری پڕۆسەکە نەکات، لە سەرجەم فەرمانگە حکوومیەکان کێشەی ڕاییکردنی مامەڵەی بۆ دروست دەبێت .
لەوبارەوە موزەفەر کەرخی، شارەزا له بواری ئامار وتی: “ئەگەر بەشداری نەکەیت و ناوی خۆت تۆمار نەکەیت، ئەوە تۆ لە داهاتوودا لە دامودەزگاکانی حکومەت ئەرشیفت بۆ خۆت و نەوەکانت نابێت، بۆیە تکایە خۆتان تووشی ئەو سەر ئێشەیە مەکەن، چونکە ئەمە دەبێتە مێژوو بۆ عێراق، عێراقیەکان دەبێت پارێزگاری لە شوناس و ڕەچەڵەکی خۆیان بکەن، وەک هاووڵاتییەک دەبێت تەواوی زانیاریەکانت لای حکوومەت هەبێت بۆ داهاتوتان گرنگە”.