ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق، رۆژی پێنجشەممە 14-11-2024 بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “دوێنێ بە لێبووردنی تایبەت 25 سزادراومان ئازاد کرد، کە سەرجەمیان خەڵکی نێوخۆی هەرێم بوون”.
ئەوانەی ئازاد کراون لێبووردنی تایبەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق هەبووە کە 13-10-2024 دەریکردووە. بەڕێوەبەری چاکسازییەکان دەڵێت: “ئازادکراوەکان هەموویان نەخۆشن؛ هەیانە شێرپەنجەی هەیە و تیاشیاندایە جەڵتەی دەماخ لێیداوە”.
رۆژی شەممە 05-10-2024، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، كە لە چاکسازییەکاندا 100 کەس دەستنیشانکراون کە پەککەوتەن یان نەخۆشی شێرەنجەیان هەیە بۆ ئەوەی لێبووردنی تایبەتیان بۆ دەربکرێت.
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکانی هەرێم، زیاتر لە 5700 حوکمدراو لە چاکسازییەکانن.