بڕیارە ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک، کە لەلایەن یەكێتی لە دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق کراوە کۆببێتەوە.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 19-11-2023، دادگەکە بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک، کە پێشتر دوو سکاڵا بوون و یەکخراون لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو کۆببێتەوە.
سکاڵاکە ژمارە 83ی فیدراڵی /2023ـی هەیە، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان-عێراق و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کراوە.
سکاڵاکە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان-عێراق (خولی پێنجەم)، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێم تۆمارکراوە، تێیدا سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە و داواکە تەنیا بۆ بڕیاردان ماوەتەوە.
سکاڵاکان پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسییەکانی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.